1 کاتژمێر پێش ئێستا
112 جار خوێنراوەتەوە
عەباس عەراقچی لە بەغدا: ئەمریکا ئاسایشی کەشتیوانیی لە کەنداودا تێکداوە
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هێرشە سەربازییەکانی، ئاستەنگی بۆ ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکان و ئاسایشی کەشتیوانی دروست کردووە.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و جەختی کردەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە شوباتی ڕابردووەوە هۆکاری سەرەکیی شێواندنی ئاسایشی دەریاوانییە لە کەنداودا. عەراقچی ئاماژەی بەوە کرد واشنتن لە ڕێگەی شکاندنی پەیمانەکان و بەکارهێنانی هێزەوە بەردەوام ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکانی پەکخستووە، هاوکات پێداگریی تارانی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ بەغدا لە هەموو بوارەکاندا دووپاتی کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران داگیرکارییەکانی ئیسرائیلی بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دا، هاوکات هەردوولا تاوتوێی شەڕی نێوان سعوودیە و یەمەنیان کرد بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان. ئەم گفتوگۆیانەی تاران لەگەڵ سەرکردایەتیی بەغدا لە کاتێکدایە کە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز لە ژێر کاریگەریی ململانێ سەربازییەکاندا دەناڵێنن، و وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ڕاوێژی بەردەوامەوە ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری پێکدادانە سەربازییەکان بکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە