2 کاتژمێر پێش ئێستا
86 جار خوێنراوەتەوە
کەشناسیی هەرێم: پلەکانی گەرما ۲ تا ٤ پلە دادەبەزن
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە، پلەکانی گەرما ۲ تا ٤ پلە دادەبەزن و لە ناوەڕاستی هەفتەشدا شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچەکە دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناس ئاراس جەبار، ڕۆژی دووشەممە ۱۹ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲٦، کاریگەریی بارستەهەوا فێنکەکە لەسەر تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو، هاوکات کەشوهەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە.
ههروهها ئهوهش هاتووە کە لە نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ۲۱ی تشرینی یەکەمەوە، حاڵەتێکی لاوازی ناجێگیری کەشوهەوا کە سەرچاوەکەی لە دەریای سوورەوەیە، ڕوو لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات. بەهۆی ئەم شەپۆلەدا ناوبەناو هەورەبروسکە چالاک دەبێت و تاوەبارانی کەم بۆ مامناوەند دەبارێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە کاریگەریی ئەم شەپۆلە بارانبارینە لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان زیاتر دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە. چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی ئەم دیاردە کەشوهەواییە تا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲٦ بەردەوام بێت و دواتر کۆتایی پێبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە