رەوف محەمەد ئالانی
08/12/2024
239 جار خوێنراوەتەوە
چارەسەرکردنی قەیرانی پەروەردە، باشکردنی ژیانە
چارەسەرکردن یان بەڕێوەبردنی قەیران، بریتیە لە
خۆئامادەکردن بۆ ئەوەی ناڕێکی ڕوونەدات و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی ڕوویداوە و دیاردەی
قەیرانەکان یاوەری دامەزراوەکانە، لە هەموو قۆناغەکانی سەرهەڵدان و بەرزبوونەوە و
دابەزین و بۆ بەدواداچوونی ڕەوتی ڕووداوەکان چ قەیرانێک بە هەموو جۆرە ڕۆڵێک کاریگەری
لەسەر دامەزراوەکانی پەروەردە، چ لەسەر ئاستی ڕوخاندن و چ لەسەر ئاستی گەشەپێدان و
ئاوەدانکردنەوە و خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ڕۆڵی قەیرانەکان بەگشتی وامان لێدەکات دەست
بۆ ئەو تاڵە باریکە ببەین کە پەیڕەوکردنی هەڕەمی سەرکردایەتی دامەزراوەکانی پەروەردەیە،
بە تایبەت و ئەوانەی توانای مامەڵەکردن و ئیدارەدانی باشیان هەیە لەسەر ئەو گرفت و
قەیرانانە، زیاتر کەسە بە ئەزموونەکان و کارامە و لێهاتووەکان، تا لەو ڕێگەیەوە
بتوانرێت پلان و ستراتیژێکی گونجاو دابنرێت و لەڕێگەیەوە دەستنیشانی خاڵە نەرێنیەکان
بکرێت و هەنگاوی چارەسەریان بخرێتە بەردەم وبکرێنە هەنگاوی کردەیی.
مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان دا هەروا کارێکی
سانا و سادە و ئاسان نییە، قورس و تاقەتپڕوکێنە پێویستی بە پابەندبوون و بەردەوامی
هەیە، وەک لەوەوپێش لە ووڵاتان کاری لەسەر کراوە، کە شێوازێکیان گرتۆتەبەر کە بریتییە
لە چارەسەرکردن و مامەڵەکردنێکی پەروەردەیی و زانستی و سەردەمیانە کە گونجاوبێت لەگەڵ
ڕاییکردنی ململانێ و گرژییەکاندا، لە ئەنجامدا بۆتە هۆی نەهێشتن و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیاندا.
دامەزراوەکانی پەروەردە، دامەزراوەی کارگێڕی و
پەروەردەیی و کۆمەلایەتین کە چەندین توێژی مرۆیی لەخۆ دەگرن وەک ئەندامانی دامودەزگا
کارگێڕییەکان و مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران و کرێکاران، بەدڵنیایی هانی هەمووان
ئەدەن کە بەردەوامبن لەسەر ئەرکەکانیان و پاڵپشتی هەنگاوەکان دەکەن لەپێناو گەیشتن
بە ئامانجەکانیان کە خەونیان نەمانی قەیرانەکانە.
لەسەرەتادا بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی قەیرانمان
ناساند، دەکرێ ئێستا قەیرانی پەروەردە پێناسە بکەین، تا لەڕێگەی ناسین و زانینی ئەو
قەیرانانەوە هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرکردنیان.
قەیرانی پەڕوەردە بریتییە لە کۆمەڵێک کێشه و
گرفتی قووڵ له سیستەمی پەروەردەدا ، کە بونیان هەیە و دەبنە لەمپەری گەورە لە بەردەم
پرۆسەکەدا، کە لەمانەدا کۆ دەکرێنەوە:
- نزمی ئاستی خوێندن
و زانستی قوتابیان
- نەبونی پلانی باش
بۆ بەرزکردنەوەی توانایی مامۆستایان
- کەمی بودجەی پەروەردە
ـ گرنگی نەدان بە پرۆسەی پەروەردە و فەلسەفەی
پەروەردەیی
ـ تێکەڵکردنی پرۆسەی پەروەردە بەمەبەستی بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانی
- بوونی کێشە
وگرفت لە بەشەکانی هەیکەلی وەزارەتی پەروەردە
- نەبوونی پلانێکی
داڕێژراوی تاقیکراوەی پەروەردەیی لە پێناو کوالیتی بەرزی خوێندن و فێربوون
- گرفتی خراپی پرۆگرامەکان
و نەگونجاندنیان لەگەڵ ژیان و ژیاریدا
- نەبوونی پەروەردەیەکی
گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم وەک بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانیتر.
وا دەساڵە ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی بێپلانی
و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پێگەکان و پایەکانی شێوازی حوکمڕانی لەم هەرێمەدا، شیواوی
و پاشاگەردانی و بەرەو دوا گەڕانەوە و عەقڵی تەسک وبچوکی خێلگەرا و ئابوری بەناو سەربەخۆ،
خەڵکی ئەم هەرێمەیان توشی داڕمان و بێئومێدی و گرفتی گەورە کردووە، کە لایەنەکانی (ئابوری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، زانستی، ....) گرتووەتەوە، کە جگە لە چەند بنەماڵەیەکی
خاوەندەسەڵات و خۆسەپێنی بێمۆڕاڵ، کەس لێی بێبەش نەبووە.
سێکتەری پەروەردەش وەک هەموو بەش و سێکتەرەکانیتر
بێخزمەت و پەراوێزخراوە.
ئەتوانین بڵێین کرمی گەندەڵی لەو باخەی داوە و
هەرچی داری سەوزە بە ڕوونی نایەتە بەرچاو و بەرەو وشکبون دەچێت.
لە ڕوانگەی ڕاستی ژیانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان،
لەلای ئەوان تاکە ڕێگەی شادبون بە ژیاری تەنها پەروەردەبوە، بۆیە هەر کۆمەڵگەیەک
تا پەروەردە نەخاتە پێشەوە و نەیکاتە هەنگاوی یەکەمی چارەسەری گرفتەکانی خۆی، هیچکاتێک
ئارامی و خۆشنودی و ژیاری نابینێت.
لەمساڵی خوێندنی ٢٠٢٤بۆ ٢٠٢٥ لەسەرەتای مانگی
دوانزەداین موچەی مانگی دە نەدراوە، هەرچەند دەسەڵاتی کوردی خۆی لێبێبەری دەکات و
دەیخاتە ئەستۆی حکومەتی ناوەند، بەغداش داوای داهاتی ناوخۆ داکات، لەم نێوانەدا ئەوەی
زیانی بەرکەوتووە تەنیا خەڵکی ئەم هەرێمە بێخاوەنەیە.
لەسەر گرنگی و بایەخی پەروەردە بۆ گۆڕانکاری ژیان
(نیلسۆن ماندێلا ) وتویەتی: پەروەردە بەهێزترین چەکە بۆ گۆڕینی جیهان و گەشەی مرۆڤایەتی
بۆ دەرچوون لە قەیرانی فێربوون و پڕۆسەی پەروەردە،
دەتوانم چەند ڕێگەچارەیەکی گرنگ پێشنیاز بکەم:
- باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان لە ڕووی
دارایی و کۆمەڵایەتییەوە
- دانانی شکۆ و ڕێز بۆ مامۆستایان وەک
پارێزبەندی
- ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان و خولی
بەهیزکردن بۆیان
ـ دروستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانەی هەڵسەنگاندن
بۆ مامۆستایان نەک وەک ئەوەی ئێستا
- پەرەپێدانی خوێندنی ئەلیکترۆنی
- دروستکردنی ژینگەیەکی فێربوونی
چالاک و بەشداری پێکەر
- گرنگیدان بە پەروەردەی
زیرەکی هەستیار
- دۆزینەوەی سەرچاوەی
داهاتی نوێ بۆ پەروەردە
- کەڵک وەرگرتن لە یارمەتی
نێودەوڵەتی و ئەزمونە سەرکەوتووەکان
- بەشداریپێکردنی کەرتی
تایبەت لە پڕۆژەکانی پەروەردەدا
- گرنگیدان بە پەروەردە وەک
پڕۆسەیەکی بەردەوام
- گرنگیدان بە گەشەی کەسایەتی
قوتابی و بە چەقکردنی لە پرۆسەکەدا
- پەروەردەی ئاکاری و نیشتمانی
- دابینکردنی دەرفەتی یەکسان
بۆ هەمووان
- لابردنی کۆسپەکانی بەردەم
پرۆسەی پەروەردە و فێربوون
وتارەکەم بە وتەیەکی گرنگی (جۆن دیوی) فەیلەسوفی
پەروەردەی ئەمریکی دێنم کە دەڵێت:" پەروەردە ژیانە، نەک
ئامادەکردن بۆ ژیان، پەروەردە گرنگترە لە زانیارییەکان، گرنگترە لە چۆنیەتی بیرکردنەوە"
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی رەوف محەمەد ئالانی