هێمن محەمەد 22/04/2025 191 جار خوێنراوەتەوە

بۆ یادی پیرۆز و گرنگی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی

سەرچاوەى دارایی کە هۆکارە بۆ دەستخستنی سەرچاوەى مرۆیی کارامە و بەتوانا لەگەڵ ئامراز و تەکنیکی پێشکەوتوو، هەر لایەن و بەرەیەك هەتا پارەدارتر بێت ئەوا پەیامەکەى؛ خێراتر، فراوانتر، سەرنجڕاکێشتر بڵاوئەبێتەوە، ئەوەش گرفتە بۆ کەناڵە کەمداراییەکان و خاوەن پەیامەکان. ئەو کەناڵانەی کە سەرچاوەى دارایی و مرۆییان باشتر و زۆرترە؛ زۆرترین جاریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە سەرنجڕاکێشییەوە بەرچاومان ئەکەون، لە ڕۆژێکدا چەندینجار بڵاوکراوەکانیان ئەبینین، ئەوانەش کەناڵەکانى حزبە خاوەن نفوز و پارەدارەکانن بە کەناڵى فەرمی و کەناڵى سێبەرەوە، ئەو کەناڵانە زیاتر لە هەر کەناڵێکى تر دەستى بە سەرچاوە گرنگ و باڵاکانى زانیارییشدا ئەگات، ئەمەش ناهاوسەنگیی دروست ئەکات بەراورد بە دەزگا ڕاگەیاندنەکانى غەیری خۆیان. دەرکەوتنى کۆمپانیا زەبەلاحەکانى تەکنۆلۆجیاى ئینتەرنێتى وەکو مێتا، ئەمازۆن، ئێکس و ئەپڵ و کۆمپانیاکانى تر؛ فۆرمێکى نوێى هەژموونى بۆ سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانى جیهان دروستکردووە، پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەمڕووەوە دەستێکی باڵایان هەیە، ئەو پلاتفۆرمانە نەک تەنها وەکو دابەشکار و بڵاوکەرەوەى هەواڵ و زانیاریی، بەڵکو وەکو دروستکەر و خولقێنەرى هەواڵ و ڕووداو، وەکو شوێنانێك بۆ بە دنیاگەیاندنى کۆمەڵێك بابەت و ڕووداوى دیارییکراو، ئەم کاریگەرییە بێگومان هەرێمى کوردستانیشى گرتۆتەوە. لە ناوچە و وڵاتێکدا کە سیاسەتمەداران و بازرگانان کێبڕکێ ئەکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی دەزگاى بەهێز و پێشکەوتووی ڕاگەیاندن؛ و میدیا وەکو چەکێک بەکاربهێنن بۆ کاریگەرییکردنە سەر ڕایگشتى و پاڵنانى بەو ئاراستەیەی کە خۆیان ئەیانەوێت، ئازادی ڕادەربڕین ئەبێتە شتێکی لاوەکی لە بەرامبەر بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و بازرگانییەکاندا. لەم نێوەندەدا ڕایگشتى و بەرژەوەندییە گشتییەکان نوقمى ناکۆکی ئایدیۆلۆژی و حزبیی ئەبن. ئێستا دۆخێك خولقاوە کە ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى قسەکردن جیا ناکرێنەوە، با بپرسین؛ ئەوەى کە ئێمە ئەتوانین بیڵێین و بینوسین، ئەتوانرێت بە پێوەرێک بۆ ئازادی ڕادەربڕین سەیر بکرێت؟

بەشێکی تر لەو کەسانەى میدیاکانیان کۆنترۆڵ کردووە میدیا بەکارئەهێنن بۆ تۆڵەکردنەوە لە نەیارە سیاسییەکانیان و دەیان پەیج و ماڵپەڕى سێبەر لەو پێناوەدا دروستبوون، ئەمڕۆ میدیا کەسایەتی سیاسی دروست ئەکات و بە خەڵکى ئەناسێنێت، وێنەیەکى زەیینى جوانى بۆ دروست ئەکات.

میدیاى کوردى وێنە بچوکەکانمان پیشان ئەدات..
پیشاندانى تەنها وێنە بچوکەکان کاتێك جوان و کاریگەرە کە لە پاڵ و پەراوێزى وێنە گەورەکاندا پیشان بدرێن و بگوازرێنەوە، میدیاکانى هەرێمی کوردستان لە بری ئەوەى کار لەسەر وێنە گشتییەکە بکەن وێنە بچوکەکان و پیکزڵەکانمان پیشان ئەدەن، لە برى ئەوەى کار لەسەر خەمی گشتی و کێشەکانی کۆی کۆمەڵگە بکەن؛ چاوپێکەوتن لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەن ئەکەن بە دیار عەرەبانەیەکی دەستییەوە کە کرێنشینە، دوایش ئەو دەوڵەمەند و سەرمایەدارانەى کە یارمەتی ئەدەن دیسانەوە ئەکەن بە هەواڵ و بابەتى ڕۆژنامەوانیی، لە ڕاستیدا ئەمە تێڕوانینێکى کورتمەودایە بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی کە دەسەڵاتی چوارەمە و ئەرکی چاودێرییکردنی دەسەڵاتەکانی ترە، نەك لێنزى کامێراکەت بە تەنها لە کۆڵان و ناوبازاڕەکاندا جێگیر بکەیت.
دواجار ئەمانە ڕەنگە بینەر بۆ کەناڵەکە زیاد بکەن، بەڵام بارودۆخەکە چاك ناکەن و کاریگەریی لەسەر دەسەڵاتەکان دروست ناکەن. چونکە میدیای سەنگین دەست ئەخاتە سەر برینەکان و چارەسەرەکانیان بخاتەڕوو.

بێزاربون لە ڕاگەیاندن
بێزاربوون لە بڵاوکراوەکانی میدیا تاڕادەیەك جیهانییە؛ بەپێى ڕاپرسییەکی پەیمانگەى رۆیتەرز کە لە (٤٧) وڵات ئەنجامیداوە و نزیکەى ٩٥هەزار کەس بەشدارییان کردووە؛ لە ماوەی ساڵى ٢٠١٧ تاوەکو ساڵى ٢٠٢٤ ڕێژەى ئەو خەڵکانەى لە پەیام و بڵاوکراوەکانى میدیاکان بێزاربوون بە ١٠% زیاتر بوون، هەروەها هەواڵەکانى جەنگ و شەڕیان بە دیارترین هۆکارەکانى ئەو بێزارییە نیشانداوە. لە سەردەمى زۆربوونى کەناڵەکاندا ئەوەى کە گرنگە کارکردنە لەسەر خەڵك و جەماوەر، بە ئاراستەى بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیریی میدیایی و بیرکرنەوەى ڕەخنەیى لە ناوەندەکانى خوێندن و شوێنە پەیوەندییدارەکانى تردا، ئەمەش لەپێشترین ئەرکە بۆ هەموو ئەو کەسانەى لە خەمی ڕایگشتى و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدان بە کاریگەریی میدیا.
ڕۆژنامەوانیی کوردیی یەکێکە لە ڕووداوە گەورەکانى ناو مێژووى کورد، پیرۆزبێت یادى ١٢٧ ساڵەى ڕۆژنامەوانیی کوردیی..


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا