1 کاتژمێر پێش ئێستا
116 جار خوێنراوەتەوە
بەیاننامەیەک لە بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەرییەوە
پەیام
ماوەی چەند ڕۆژێکە
ڕای گشتی و ناوەندە یاساییەکان سەرقاڵن بە دەنگۆی کارنەکردن و هەڵپەساردنی بەشێک
لە دادوەرانی بەڕێزی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان.
ئەم هەڵوێستەی دادوەران ڕەنگدانەوەی
ڕاستەوخۆی کێشە یاساییە کەڵەکەبووەکانی ناو دادگاکان و ململانێ سیاسییەکانی نێوان
دو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمە، کە هۆکارن لەسەر ڕێکنەکەوتن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان
و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەگەر لە
ڕابردوودا دروشمی "سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی
دادوەری" بەرزکرابێتەوە، ئەوا ئەمڕۆ کۆمەڵانی
خەڵکی کوردستان بە ڕوونی دەبینن چۆن کۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان (یاسادانان،
جێبەجێکردن، و دادوەری) لەژێر کاریگەریی پشکپشکێنەی حیزبیدا قۆرخکراون؛ ئەمەش
هەرێم و هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی دەیان قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی قورس کردووەتەوە.
هاوڵاتیانی هەرێمی
کوردستان
ئێوە دەبین کە؛ دەسەڵاتی یاسادانان
(پەرلەمان)، زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگە بەسەر دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا تێپەریوە،
بەڵام دانیشتنەکە بە کراوەیی هێڵدراوەتەوە و تا ئێستاش لایەنەکان نەیانتوانیوە
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێنن.
دەسەڵاتی
جێبەجێکردن (حکومەت)، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە حکومەتی هەرێم بووەتە حکومەتێکی
کاربەڕێکەر و لەبری کارکردن بە دەقە یاساییەکان، پەنا بۆ دەرکردنی فەرمان دەبرێت
کە بەهۆیانەوە چەندین ڕسووماتی نایاسایی بەسەر هاووڵاتیاندا سەپێنراون و
بارگرانییەکی دارایی گەورەیان بۆ خەڵکی دروستکردووە.
ئەنجومەنی پارێزگاکان
دەسەڵاتەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە و هیچ چاودێرییەک بەسەر ئیدارەی حکومەتە
خۆجێییەکانەوە نەماوە. هاوکات ئەنجومەنە شارەوانییەکانیش
ماوەی یاساییان بەسەرچووە و شەرعیەتیان لەدەستداوە.
دەسەڵاتی دادوەری،
وەک باڵاترین مەرجەع لەبڕی ئەوەی ببنە فریادرەسی پاراستنی مافەکان و دۆزینەوەی
چارەسەری خێرا بۆ قەیرانەکان، مەخابن دەبینین کارەکانی باڵاترین دەستەی دادوەری کە
دادگای پێداچوونەوەیە لە لایەن بەشێک لە دادوەرانەوە کارەکانی بەرەو پەککەوتن
دەبرێت.
بۆیە ئێمە لە "بۆردی یاسایی" لە روانگەی هەستکردنمان بە خەم و
گرفتەکانی خەڵک و گێرانەوەی شەرعیەت بۆ دامەزراوەکانی هەرێم، داوا لە بەڕێز سەرۆکی
هەرێمی کوردستان دەکەین لەبەر ئەوەی سەرجەم دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی
هەرێمی کوردستان شەرعیەتی یاساییان نەماوە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی بڕیار
بدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەیەکی
نوێ و خێرا بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی جارێکی
دیکە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعیەت بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە و
سەروەریی یاسا باڵادەست بێت.
بۆردی یاسایی
کۆمەڵی دادگەری
8ی تەممووزی 2026
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە