د. هێمن خورشید 02/08/2025 179 جار خوێنراوەتەوە

دەستگیرکردنی "حەججاج" و چەند سەرنجێک

د. هێمن خورشید

بەگوێرەی گۆڤاری "ایشان"ی ئەلیکترۆنی، فازڵ ئەبوو ڕەغیف "فاضل أبو رغيف"؛ پسپۆڕی بواری ئاساییش داوای لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم "مەسروور بارزانی" کردووە شەش لە سەرانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، کە ئەنجامدانی تاوانی قێزەون تۆمەتبارن، لە سەرووی هەموویشیانەوە، داواکراوی یەکەم تاهیر جەلیل حەببووش "طاهر جليل الحبوش"، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا سەرۆکی دەستگای ئیستیخباراتی عێراق بووە، ڕادەستی دەستگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی ناوەند بکات. ئەبوو ڕەغیف لە توویتێکدا نووسیویەتی: بەعسییەکان دزێوترین تاوانیان لە دژی خەڵکی عێراق، لە ناویشیاندا برا کوردەکان ئەنجام داوە، کەچی ئێستا شەش لەوان، لە پێشی گشیشیانەوە "طاهر جليل الحبوش” لە هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی لە هەولێرن!

لە درێژەی توویتەکەیدا نووسیویەتی: "هیوادارم ڕاستگۆیانە و وەک ڕێزێک بۆ خوێنی کەسوکارەکەت -مەبەستی کوردە- بە زووترین کات خۆت دەستپێشخەری بکەیت و ڕادەستیان بکەیت، چونکە داواکراون. خوێنیش موجامەلە هەڵناگرێت و داوای تۆڵەکردنەوە و سزادانی بکەرەکەیەتی".

ئەم هەواڵە لە ڕێکەوتی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥، واتە پێنج مانگ و نیو لەمەوبەر بڵاو کراوەتەوە. لینکی هەواڵەکە لە کۆمێنت دادەنێم.

با زانیارییەکی گرنگتان دەربارەی تاهیر حەببووش بۆ ئاشکرا بکەن، ئیتر خۆتان دادوەر بن ئەمانەی حوکمی هەرێم دەکەن کێن و خەریکی چین!

لەو دیدارانەی نووسەر "عارف قوربانی" دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ بەدواوە سازی داوە و دواتر لە بەرگی چوارەمی کتێبی "شایەتحاڵەکانی ئەنفال"دا بڵاوی کردووەتەوە، شۆفێری شۆفڵێکی عارەبی بە ناوی "عەبدولحەسەن موویان موراد" دوواندووە، ئەو شۆفێرە دوای ٢٠٠٣، بە ویستی خۆی هاتووە کۆمەڵێک زانیاریی زۆر و گرنگی دەربارەی کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی کوردەکان لە تاوانی ئەنفالدا درکاندووە.

شۆفێرەکە لەناو قسەکانیدا باسی یازدە ئەفسەری پلەداری بەعسی کردووە کە لە دوو شەوی لەسەریەکدا ژمارەیەکی زۆر کوردیان کوشتووە، جارێک بە دەمانچەی بێدەنگ و کەڕەتێکیش بە کڵاشینکۆف. وەختێ پرسیاری ئەوەی لێ دەکرێت: کێ بوو کە لەو دوو شەوەدا فرمانی تەقەکردنی بە ئەفسەرەکان دەدا؟ ڕاشکاوانە دەڵێت: "طاهر جليل الحبوش"!

دوو شەوە هەڵڵای دەستگیرکردنی "حەججاج" یان "عەججاج"ە بەدناوەکەی نوگرەسەلمان میدیا عێراقییەکانی تەنیوە. هەندێک کەس دەیانەوێت بیکەن بە دەستکەوتی خۆیان، لێرەوە ڕووی داوا لەو کەسانە دەکەم و پێیان دەڵێم: واز لە حەججاج بێنن کە ئێستا گیراوە، فەرموون حەببووشمان بۆ دەستگیر بکەن کە بەگوێرەی قسەی "فازڵ ئەبوو ڕەغیف" لێتانەوە نزیکترە! -هیوادارم وا نەبێت!-.

دە بارەی دەکەمەوە، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای هەرێم، ئەوسا و ئێستایش، بەشێکی تاوانی ئەنفالی کوردیان لە ئەستۆیە، هەنگاوە هەڵەشەکانی ئەوان بوو پاساوی دایە دەست ڕژێمی بەعس دەست بە کوردقڕان بکات. ئێستایش لەبری گەڕان بەدوای تاوانبارانی کەیسی ئەنفالدا، داڵدەیان دەدەن و پاداشتیان دەکەن!

* تکایە ئەم بابەتە بە هەموو لایەکدا بڵاو بکەنەوە، بەڵکوو بگاتە ئەو جێگەیەی ئاراستەی کراوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی د. هێمن خورشید

سەرەتا