موسلیم عهبدوڵا قهسرێ
05/11/2021
263 جار خوێنراوەتەوە
قوتابخانە ئیسلامییەکان لەبەردەم مەترسی داخستندا
قوتابخانە ئیسلامییەکان، ناوەندێکی گرنگی فێرکردن و پەروەردەکردنی نەوەیەکی خاوەن مەعریفەی ئیسلامین، لە بوارو پسپۆڕە تایبەتەکاندا، بەداخەوە ساڵانە ئەم قوتابخانانە دوچاری چەندین کێشەكراون کە فێرکارو قووتابیانی گرفتارکردووە، بەشێوەیەک کە لەنێوان دوو وەزارەتدا مافەکانیان زەوتکراوە.
پێنج ساڵ بەرلەئێستا، سەرجەمی قوتابخانە ئیسلامییەکان لەڕووی کارگێری و بەڕێوەبردنەوە سەر بەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بوون، دواجار خرانەسەر وەزارەتی پەروەردەو لێرەوە کێشەکانیان دەستیپێکرد.
بەھۆکاری گۆڕانکاری لە مەنھەج و زیادبوونی چەند بابەتێک لەپڕۆگرامی ساڵانەی خوێندن، ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابیانی ئەم قوتابخانانە کەمی کرد، بەئاستێک لە (٤٨) قوتابخانەوە کەمبوویەوە بۆ (٢١) قوتابخانە، لەئێستاشدا قوتابخانەکانیان شەڕی مانەوە دەکەن و ڕۆژ بەڕۆژ ڕێژەی قوتابیان ڕوو لەکەمبوونەوەیەو بەرەو داخستن دەچن، بەھۆکاری پشتگوێ خستن و گرفتی زۆرەوە.
زۆری بابەتی پڕۆگرامی خوێندن گەورەترین گرفتی ئەم قوتابخانانەیە، مامۆستایان و قوتابیانی نیگەران کردووە، بە ئاستێک تا (١٩) بابەت دەخوێنرێت، بەشێک لەوبابەتانەش دوای گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە زیادکران.
جیا لەوە، ساڵانە قوتابیانی ئەم قوتابخانانە برێک پارەیان بۆ خەرج دەکرا، بەمەبەستی ھاوکاری و دابینکردنی جلی خوێندن، بەڵام دوای گواستنەوەیان ئەم برە پارەیەش نەماو ئەم مافەشیان لێ سەندرایەوە.
تائێرە گرفتەکان تایبەت بوون بەپەروەردە و لێرەوە چەند گرفتێکی خوێندنی باڵاش دەخەمەڕوو:
ساڵانە دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی ١٢ی ئامادەیی، ھەرچەند قوتابی نمرەی بەرزی ھێنابێت، ناتوانێت وەک ھاونمرەکانی خۆی بچێتە بەشە پسپۆریەکانی تری کۆلێژە جیاوازەکانی (یاسا، زمانی عەڕەبی، زانستەمرۆڤایەتبیەکان)و بەشەکانی تر، کەتەنھا دەتوانن لە کۆلێژی شەریعە بخوێنن و درێژە بەخوێندنی زانکۆیی بدەن، ئەمەش جیاوازی و ناڕەواییە لەقوتابیانی ئەم قوتابخانانە دەکرێت و پەراوێز خراون.
دەرفەتی دامەزراندنی دەرچوان و مامۆستایانی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکەن (شەریعە) زۆر کەمە لەکاتێکدا ئەمانە پسپۆڕیان لە گوتنەوەی وانەی عەڕەبی و ئاییندا ھەیە، کەچی لەزۆرێک قوتابخانەدا بەپسپۆڕی تری (ھونەرو وەرزش و کۆمەڵایەتی و کوردی) ئەم وانانە دەگوترێنەوەو حەق بەبابەتی پەروەردەی ئایین نادرێت.
بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان (شەریعە) کێشەی یەکسانکردنی بڕوانامەی خوێندنی باڵایان ھەیەو دەرماڵەکانیان بۆ نابەسترێت.
بۆیە لەئێستادا مامۆستایان و قوتابیانی ئەم قوتابخانانە، داوای کەمکردنەوەی پڕۆگرام و (مەنھەج) دەکەن، ھەروەھا بگەڕێنەوە بۆسەر وەزارەتی ئەوقاف، تابەشێکی مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوەو لەو گرفتانە رزگارببن کە دوای گواستنەوەیان بۆ سەر پەروەردە پێیەوە گرفتار بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی موسلیم عهبدوڵا قهسرێ