05/10/2024
295 جار خوێنراوەتەوە
یەكێتیی ئەورووپا گومرگی سەر ئۆتۆمبێلی كارەبایی چینی بە ڕێژەی لەسەدا 45 زیاد دەكات
پەیام
یەكێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، پێشنیازی زیادكردنی گومرگی سەر هاوردەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی چینی بەڕێژەی لەسەدا 45 دەكەنە بڕیار و جێبەجێی دەكەن.
كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، زۆرینەی ئەندامانی یەكێتییەكە لەگەڵ ئەوەدان كە گومرگی سەر هەناردەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە وڵاتی چینەوە زیاد بكەن بە ڕێژەیەك كە دەگاتە لەسەدا 45ی بڕی ئێستا. ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تەواوی بەكارهێنانی ئامێر و بەرنامەی چینیی لە ئەمریكا قەدەغە كرد.
بەپێی هەواڵی میدیاكان هەریەك لە ئەڵمانیا و هەنگاریا دژی پێشنیازەكە بوون بەڵام فەرەنسا و ئیتاڵیا پشتیوانیی زۆری دەكەن.
پێشتریش یەكێتیی ئەورووپا باجی سەر هاوردەی ئۆتۆمبێلی چینیی بەڕێژەی لەسەدا 10 زیاد كردبوو، پێشبینییش دەكرێت لەم هەنگاوەشدا، ئەو ئۆتۆمبێلانەی تێسلا لە چین دروست دەكرێن نزیكەی لەسەدا 8 و ئۆتۆمبێلی (بی وای دی) و (جیلی) بەڕێژەی لەسەدا 17 تاكو 19 باجیان لەسەر زیاد بكرێت.
ئاژانسەكانی هەواڵ باسیان لەوە كردووە، چاوەڕوان دەكرێت ئەم ڕێكارانەی ئەورووپا بەرانبەر چین، كاردانەوەی توندی پەكینی بەدوادا بێت، بەتایبەت كە ئێستا بووەتە گەورەترین بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بۆ وڵاتانی دونیا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە