9 کاتژمێر پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
لە عێراق مووچەی مانگی حەوت دەستیپێكرد، لە هەرێم هێشتا پێنج دابەشنەكراوە
پەیام
لە عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت كرا و لە هەرێمی كوردستانیش چارەنووسی مووچەی مانگەكانی پێنج و شەش نادیارە. هێشتا كۆبوونەوەكانی بەغدایش ئەنجامیان لێ نەكەوتووەتەوە.
دەستەی خانەنشینیی نیشتیمانیی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان كردووە بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی بۆ مانگی تەمموز و پارەی مووچە بۆ بانكەكانی عێراق نێردراوە.
دەستپێكردنی مووچەی مانگی حەوت لە عێراق لە كاتێكدایە، مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە، هیچ هەواڵێكی دروستیش لەبارەی كاتی وەرگرتنی مووچەوە لەئارادا نییە و هەمووان چاوەڕێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادن.
لەلایەكی دیكەوە یەكێتیی خانەنشینیی كوردستان باسی لەوە كردووە، جگە لەوەی هیچ خانەنشینێكی هەرێم مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی وەرنەگرتووە، ئەو خانەشنینانەش كە لەدایكبووی ساڵانی 1962 تا 1965ـن و ئەمساڵ خانەشنین بوون، چوار بۆ شەش مانگە هیچ مووچەیەكیان وەرگرتووە و گرفتیان هەیە.
بەردەوامیی كێشەی مووچە لە كاتێكدایە كە پاش چوار ڕۆژ دانوستان لە هەولێر و بەغدا، هێشتا هیچ ڕێككەوتنێك نەهاتووەتە ئاراوە و چارەنووسی مووچەیش بە نادیاری ماوەتەوە.
لە 27ی مانگەوە گفتوگۆی نێوان حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لەسەر چارەسەری كێشەكان دەستی پێ كردووە و، دوو ڕۆژ شاندی عێراق لە هەولێر و دوو ڕۆژیشە شاندنی هەرێم لە بەغدا سەرقاڵی گفتوگۆن.
هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانە و ڕادەستكردنی نیوەی كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمیش لەگەڵ ئەنجامدانی تەوتین، داواكاریی بەغدان.
تا ئێستا هیچ لایەكیان ڕاگەیەندراوی فەرمیی لەسەر ئەنجامی دانوستانەكان نەبووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە