4 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
لە ئاکامى بەردەوامى بۆردومانەکاندا دەیان غەززەیی دیکە شەهید بوون
پەیام
ئەمڕۆ 696 ڕۆژە جەنگی كۆمەڵكوژیی سەر غەززە بەردەوامە، سوپای داگیركەریش دڕندانە بۆردومانی ناوچەكانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانەكان دەكات.
بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تا ئێستا 29 كەس لە بۆردومان و تۆپبارانی سەر كەرتی غەززەدا شەهید بوون، پێنج كەسیان لەوانە بوون كە چاوەڕێی وەرگرتنی هاوكاری بوون لە ناوەندەكانی وەرگرتنی یارمەتییەكان.
هەروەها نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لەلایەن سوپای داگیركەرەوە بۆردومان كرا و ڕاگەیاندنی حكومەت لە غەززە ڕأیگەیاند: 14 جار نەخۆشخانەكە بۆردومان كراوە و ئەمەش پێشێلی ئاشكرا و ڕوونی یاسای نێودەوڵەتییە.
نەخۆشخانەكەش ڕایگەیاندووە: تووشی قەیرانێكی قورس و مەترسیدار بووین بەهۆی بڕانی كارەباوە دوای بۆردومانەكەی سوپای داگیركەر، ئەمەش ژیانی نەخۆش و بریندارەكانی خستووەتە مەترسییەوە.
هاوكات كەناڵی 13 ی زایۆنی بڵاویكردووەتەوە، سوپای ئیسڕائیل پشتیوانیی ڕێككەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەكان لەگەڵ حەماس دەكات، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆكوەزیران دژی ڕێككەوتنە و دەڵێت "هیچ ڕێككەوتنێك لەئارادا نییە".
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت-یش بڵاویكردووەتەوە: نەتەنیاهوو ڕەتیكردووەتەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگدان بكرێت لەسەر ڕێككەوتنی بەشەكی بۆ ئازادكردنی دیلەكان.
لە بەرانبەردا بزووتنەوەی حەماس داوای لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی و نەتەوە یەكگرتووەكان كرد جووڵەی بەپەلە بكەن دژی كۆمەڵكوژیی دڕندانەی حكومەتی نەتەنیاهوو كە تاوانباری جەنگە.
لەلایەكی دیكەوە لە شاری قودس، جوولەكە نیشتەجێكراوەكان جارێكی دیكە حەرەمی مزگەوتی ئەقسای پیرۆزیان شكاند و بە پاسەوانیی پۆلیسی داگیركەر پەرستشی خۆیان تێدا ئەنجام دا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە