3 کاتژمێر پێش ئێستا
70 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری سامانە سرووشتییەكان: بەمنزیكانە كێشەكان ڕوو لە چارەسەر دەكەن
پەیام
نیوەی مانگی 9 تێپەڕیوە و چارەنووسی مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم دیار نییە، كەچی دوای دوو مانگ لە لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغداد، تازە وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت: بەمنزیكانە كێشەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت ڕوو لە چارەسەر دەكەن.
كەمال محەمەد، وەزیری بەوەكالەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم، ئەمڕۆ پێشوازیی لە لیو جیون، كونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی كوردستان كردووە. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەكە، لە دیدارەكەدا كونسوڵی چین هانی عێراق و هەرێمی داوە بۆ نزیكبوونەوە لە چارەسەری دۆسیەی نەوت و پاڵپشتیی پەكینی بۆ ئەم هەنگاوانە دەربڕیوە.
لە وەڵامدا وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاندووە: كێشە و ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەمنزیكانە ڕوو لە چارسەركردن دەكەن.
ئەم لێدوانە لە كاتێكدایە زیاتر لە دوو مانگ بەسەر لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغداددا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا ڕێككەوتنەكە جێبەجێنەكراوە و هەناردەی نەوت دەستی پێ نەكردووەتەوە. بەم هۆكارەش عێراق ئامادە نییە مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت بنێرێت.
نزیكەی دوو ساڵ و نیوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانی توركییەوە ڕاگیراوە، تا ئێستا چەندین جار هەواڵی ڕێككەوتنی نێوان عێراق و توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن بڵاو بووەتەوە و چەندین ڕێككەوتنیش ئەنجام دراون، بەڵام تا ئێستا بەهۆی ڕازینەبوونی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی هەرێم و مەرجەكانی ئەو كۆمپانیایانە، هەناردەكردنی نەوت دەستی پێ نەكردووەتەوە، هەموو كێشەكانیش لەو گرێبەستە خراپانەوە سەرچاوەیان گرتووە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو كۆمپانیا بەناو بیانییانە ئەنجامی داوە و نزیكەی نیوەی نەوتی بەخشیوە پێیان، بەڵام حكومەتی عێراق گرێبەستی لەو شێوەیە ڕەت دەكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە