5 کاتژمێر پێش ئێستا
404 جار خوێنراوەتەوە
لە لیبیاوە 40 كۆچبەری عێراقی بەرەو هەرێمی كوردستان ڕەوانە كرانەوە
پەیام
كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند: 40 كۆچبەری عێراقی لەو وڵاتەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ هەولێر و بەپێی زانیارییەكان زۆرینەیان خەڵكی ئیدارەی ڕاپەڕینن.
ئەحمەد سەحاف لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە: فڕۆكەیەك كە 40 كۆچبەری عێراقی هەڵگرتبوو، بەرەو ئیستەنبوڵ و لەوێشەوە بۆ هەولێر بەڕێ كەوتووە. دەشڵێت: هەوڵێكی زۆرمان داوە بۆ هەماهەنگیكردنی گەڕانەوەیان و ئامادەكاری بۆ گەڕاندنەوەی 35 كۆچبەری دیكە دەكەین.
ناوبراو سوپاسی دەزگا پەیوەندیدارەكانی لە حكومەتی یەكێتی نیشتمانی لیبیا كرد لە بەرانبەر ئەو هەماهەنگییەی پێشكەشیان كردووە. ڕوونیشی كردەوە: لەم هەوڵەدا خواردن و دەرمان و چاودێرییان پێشكەشی كۆچبەرەكان كردووە، هەروەها بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی ماوەبەسەرچوو بلیتی گەشتەكەیان دابین كردووە.
كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا باسی لەوە كرد كە لە كۆتایی مانگی 12ی 2023وە و لەو كاتەوەی باڵیۆزخانەیان لە لیبیا كردووەتەوە، 122 كۆچبەر گەڕێنراونەتەوە. دەشڵێت: بەردەوام دەبین لە پەیامەكانی هۆشیاركردنەوە سەبارەت بە مەترسییەكانی تۆڕەكانی قاچاخچێتی و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.
لەلایەكی دیكەوە و بەپێی زانیارییەكان زۆرینەی ئەو كۆچبەرانەی لە لیبیاوە گەڕێنراونەتەوە خەڵكی ئیدارەی ڕاپەڕینی سەر بە پارێزگای سلێمانیین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە