 
        
           
         
            
            9 کاتژمێر پێش ئێستا
            474 جار خوێنراوەتەوە
        
        
        نێردەی ترەمپ بۆ عێراق: نابێت گرووپی چەكدار لە دەرەوەی حكومەت بوونی هەبێت
            
                پەیام 
نێردەی نوێی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق دەڵێت: بە هیچ شێوەیەك نابێت گرووپی چەكدار لە دەرەوەی حكومەت بوونیان هەبێت.
مارك ساڤایا، نێردەی نوێی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە "ماوەی سێ ساڵە سەركردایەتیی عێراق بەرەو هەنگاوێكی دروستی سیاسی و ئابووری هەنگاو دەنێت و عێراق وەك وڵاتێكی خاوەن سەروەری دەردەكەوێت". ڕاشیگەیاندووە: هەوڵ هەیە بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی دەرەكی، كردنەوەی بازاڕ بە ڕووی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و ملكەچكردنی هەموو چەكەكان بۆ ژێر دەستی حكومەت.
نێردەی ترەمپ دەڵێت: هێشتا كارەكان كۆتایی نەهاتووە و عێراق پێویستی بە پشتیوانیی بەردەوامە بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ڕێڕەوە بمێنێتەوە.
مارك ساڤایا ڕایگەیاندووە: ئەمریكا ڕژدە لەسەر ئەوەی هیچ جێگەیەك بۆ ئەو گرووپە چەكدارانە نییە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كار دەكەن. سەقامگیری و گەشەكردنی عێراقیش بەندە لەسەر ئەوەی هێزی ئەمنی تەنیا لە ژێر دەسەڵاتی حكومەت و سەرۆكوەزیراندا بێت. بەبێ ئەو یەكگرتووییە، سەروەری و پێشكەوتنی عێراق لە مەترسیدا دەبێت.
نێردەی ترەمپ بۆ عێراق كە خۆیشی مەسیحییەكی كلدانیی بە ڕەچەڵەك عێراقییە، ڕاشیگەیاندووە: یەكگرتوویی و هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتی فیدڕاڵی و هەرێم زۆر گرنگە، چونكە دڵنیایی ئاسایشی بەردەوام و گەشەی ئابووری و پێكەوەیی نیشتیمانی بە عێراق دەدەن.
           
            
               
            
           
            
                لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە