2 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێڕاق: ھێرشەکەی سەر کۆڕمۆڕ کردەیەکی تیرۆریستییە
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند ئەو ھێرشەی کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆڕ لە ناحیەی قادرکەرەم سنووری قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی، کردەیەکی تیرۆریستییە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "شەوی ڕابردوو، کێڵگەی غازی کۆڕمۆڕ ڕووبەڕووی ھێرشێکی تێکدەرانە بووەوە و لە ئەنجامدا یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی عەمبارکردنی غاز سووتێنرا، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە".
ڕاشیگەیاندووە کە ھێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆڕ کردەیەکی تیرۆریستییە، ھەروەھا ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتیی کە ئامانجی لێی ڕێگریکردنە لە ھەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنیی و ئابووریی وڵات.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە کە ھێرشەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تۆڕی کارەبا دەبێت، بەتایبەتی لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی، وێڕای ئەوەی زیان بە ژێرخانی وزەی وڵات دەگەیەنێت.
جەخت لەوەشکراوەتەوە کە ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەستگیر دەکرێن و سزای توند دەدرێن.
شەوی ڕابردوو بە ئاراستەکردنی دڕۆن، ھێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆڕ، بەھۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی کێڵگەکە کەوتەوە.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە ڕانەگەیاندووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە