1 کاتژمێر پێش ئێستا
121 جار خوێنراوەتەوە
بارینی بەفر لە باكووری كوردستان ڕێگاوبانی 62 گوند و شارۆچكەی داخست
پەیام
لە سێ پارێزگای باكووری كوردستان بەفر باری و ڕێگاوبانی 62 ناوچەی نیشتەجێبوون بە ڕووی هاتوچۆدا داخران.
بەپێی ڕاگەیاندراوی گەورە شارەوانیی وان لە توركیا، بەهۆی بەفر و زریانەوە، هاتوچۆی 11 ناوچەی نیشتەجێبوون لە سەزاكانی باشكالە و باخچەسارای داخراون و، تیمەكانی ڕاماڵینی بەفر بەردەوامن لە كارەكانیان بۆ كردنەوەی ڕێگاكان.
هاووڵاتیانیش سەرقاڵی ڕاماڵینی بەفری بەردەم دووكان و سەر ئۆتۆمبێلەكانیان بوون.
هەروەها لە شاری هەكاری، ئەو شەپۆلی باران بارینەی دوێنێ شەو شارەكەی گرتووەتەوە، گۆڕا بۆ بەفربارین. بەپێی زانیارییەكانی ئیدارەی تایبەتی پارێزگا، ڕێگای 13 گوند و 30 كێڵگە بەهۆی بەفرەوە داخراون و تیمەكانی ڕاماڵینی بەفر دەستیان بە كار كردووە.
بەهۆی ئەو تەمەی باڵی بەسەر شارەكەشدا كێشاوە، مەودای بینین كەم بووەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە لە قەزای ڤارتۆ لە پارێزگای مووش، بەهۆی بەفربارینەوە ڕێگای هەشت گوند بەڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە