3 کاتژمێر پێش ئێستا
69 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ سزاكانی یاسای قەیسەری لەسەر سووریا هەڵگرت
پەیام
سەرۆكی ئەمریكا سزاكانی یاسای قەیسەری لەسەر سووریا هەڵگرت.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا لە كۆشكی سپی، یاسای ڕێپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی 2026ی واژۆ كرد.
یاساكە كە بودجەیەكی زەبەلاحی 901 ملیار دۆلارییە، بڕگەیەكی فەرمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی "یاسای قەیسەر" لەسەر سووریا لەخۆدەگرێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات كە پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ڕۆژی چوارشەممەش ئەنجومەنی پیران دەنگیان بە یاساكە دابوو.
پێشتر لە 10ی تشرینی دووەم، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزاكانی بۆ 180 ڕۆژ هەڵپەساردبوو.
یاسای قەیسەر لە 11ی كانوونی یەكەمی 2019 بۆ سزادانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد بەهۆی "تاوانەكانی جەنگ" دژی هاوڵاتی سڤیل دەركرا.
هەرچەندە ترەمپ لە خولی یەكەمیدا یاساكەی واژۆ كردبوو، بەڵام پێشهاتەكانی كۆتایی 2024 وای لێكرد كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بكات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی لە 8ی كانوونی یەكەم چەكدارانی ئەحمەد شەرع چوونە دیمەشقی پایتەخت و كۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد و میراتی باوكی هێنا.
هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە ئابووری و داراییە بەرفراوانانە، ڕێگا خۆش دەكات بۆ گەڕانەوەی وەبەرهێنان و گەیشتنی یارمەتییە بیانییەكان بە مەبەستی پشتگیریكردنی ئیدارەی نوێی وڵاتەكە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە