2 کاتژمێر پێش ئێستا
122 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری سامانە سروشتییەکان: کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەماوە و ئاستی بەرهەمهێنان ڕووی لە زیادبوونە
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوایین زانیاری لەسەر دۆسیەی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم گەیشتووەتە ٢٥٠ بۆ ٢٧٠ هەزار بەرمیل.
سەبارەت بە پرۆسەی هەناردەکردنەوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوای دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە، تا ئێستا ٢٢ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە. جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ کۆسپ و کێشەیەک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، کەمال محەمەد ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنی سێقۆڵی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت، کە بڕیار بوو لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو کۆتایی پێ بێت، تاوەکو ٣١ی ئازاری ئەمساڵ درێژکراوەتەوە؛ ئەمەش بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق تا بڕیاری پێویستی لەسەر بدات.
پەیوەست بە پرسی بودجە، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ و ئەم بابەتەش دەبێتە تەوەری سەرەکیی دانوستانەکانیان لەگەڵ کابینەی داهاتووی حکومەتی فیدراڵ.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە