2 کاتژمێر پێش ئێستا
70 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: مافەكان بە دەستوور پارێزراودەبن، نەك بە مەڕسوومە كاتییەكان
پەیام
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەبارەی مەڕسووومە سەرۆكایەتییەكەی سووریاوە ڕایگەیاند: مافەكان بە مەڕسوومە كاتییەكان پارێزراو نابن، بەڵكو لە ڕێگەی دەستوورێكی دیموكراتیكی ناناوەندییەوە دەبێت.
لە ڕاگەیەنراوێكدا لەبارەی مەڕسوومی سەرۆكایەتی ژمارە 13ی سەرۆكی سووریاوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتیكی هەرێمی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشكرای كرد: ئێمە بەدواداچوونمان كرد بۆ ئەو مەرسوومەی لەلایەن بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆكی حكومەتی كاتیی سووریا دەرچووە و پەیوەندیدارە بە مافەكانی گەلی كورد لە سووریا، لەم چوارچێوەیەدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی جەخت دەكاتەوە كە مافەكان بە مەرسوومە كاتییەكان پارێزراو نابن، بەڵكو لە ڕێگەی دەستوورە هەمیشەییەكانەوە دەپارێزرێن، كە گوزارشت لە ئیرادەی گەلان و سەرجەم پێكهاتەكان دەكەن.
خۆسەر ڕایشیگەیاند: دەركردنی هەر مەرسوومێك، نییەتەكەی هەر چییەك بێت، ناتوانێت دەستەبەرێكی ڕاستەقینە بێت بۆ مافی پێكهاتەكانی سووریا، ئەگەر بەشێك نەبێت لە چوارچێوەیەكی دەستووریی گشتگیر كە دان بە مافی هەموواندا بنێت و بیپارێزێت.
سەرەڕای ڕەخنەكانی لە مەڕسوومەكە، خۆسەر ڕایشیگەیاند: ئەم مەڕسوومە ڕەنگە بە هەنگاوێكی یەكەم هەژمار بكرێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی خواست و ئومێدەكانی گەلی سووریا نییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە