2 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
عێراق دەیەوێت تا ساڵی 2028 بگاتە قۆناغی خۆژێنی لە بەرهەمهێنانی غازدا
پەیام
عێراق دەیەوێت بە سێ قۆناغ بگاتە خۆژێنیی لە دابینكردنی غاز و هەروەها كاردەكات بۆ دەستپێكردنی هەناردەی سووتەمەنی.
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق، نەخشەڕێگایەكی سێ قۆناغی بۆ گەیشتن بە خۆژێنی لە بەرهەمهێنانی غازدا ڕاگەیاند، كە ئامانج لێی كۆتاییهێنانە بە هاوردەكردنی غاز بە یەكجاری تا ساڵی 2028 لەگەڵ هەناردەكردنی سەدا 40ی بەرهەمە نەوتییەكان تا ساڵی 2030، ئەمەش وەك گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە ئیدارەدانی سامانی وزە و بەهێزكردنی ئاسایشی وزەی وڵات.
ناوبراو ڕوونی كردەوە، گەیشتن بەم ئامانجە پێویستی بە وەبەرهێنانی 10 بۆ 15 ملیار دۆلارە و پرۆسەكە بە سێ قۆناغی سەرەكی جێبەجێ دەكرێت، كە قۆناغی یەكەم بە كەمكردنەوەی سووتانی غاز و بەرزكردنەوەی توانای چارەسەركردن دەست پێ دەكات بۆ كەمكردنەوەی هاوردە، پاشان قۆناغی پڕكردنەوەی تەواوەتیی پێداویستیی ناوخۆ بەتایبەت بۆ كارەبا، و دواجاریش قۆناغی بەكارهێنانی زیادەی بەرهەم بۆ پیشەسازییەكان یان هەناردەكردن، بەجۆرێك كە بتوانرێت سوود لە سەدا 74ی غازی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ وەربگیرێت.
ڕاوێژكارەكەی سودانی ئاماژەی بەوە دا، كە وەزارەتی نەوت كار بۆ نوێكردنەوە و فراوانكردنی پاڵاوگەكان دەكات بۆ ئەوەی جگە لە پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ لە بەنزین و گاز، بتوانن بەرهەمەكان هەناردەی دەرەوە بكەن كە لەگەڵ داهاتی ملیاران دۆلار هەزاران دەرفەتی كاریش دەڕەخسێنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە