2 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
توركیا و میسڕ و قەتەڕ لە هەوڵدان كۆبوونەوەى ئەمریكا و ئێران ڕێكبخەن
پەیام
میدیای ئەمریكا ئاشكرای دەكات، هەریەك لە توركیا و میسڕ و قەتەڕ لە هەوڵدان بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی نێوان ئەمریكا و ئێران ڕێكبخەن.
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی توركیا و میسڕ و قەتەڕ لە هەوڵدان تاكو كۆتایی ئەم هەفتەیە دیدارێك لەنێوان ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و لیژنەی دانوستانكاری ئەو وڵاتە لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا ڕێكبخەن.
ئەكسیۆس دەڵێت، ئەو وڵاتانە هەوڵ دەدەن ڕێگری لە سەرهەڵدانی شەڕێكی ناوچەیی گشتگیر و بەرفراوان لەنێوان واشنتۆن و تاراندا بدەن. بەڵام قەوارەی زایۆنی هەوڵی داوە ئەمریكا لە دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئێران پاشگەز بكاتەوە. لەبەرانبەردا بەرپرسانی ئەمریكا و خودی ترەمپیش جەختیان لەوە كردووەتەوە ئامادەی دانوستان و گفتوگۆن.
تا ئێستا مەرجی ئەمریكا بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان، كۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكییە لەلایەن ئێرانەوە، بەرپرسانی تارانیش دەڵێن پێشمەرج پەسەند ناكەن و هیچ جۆرە گفتوگۆیەك لەژێر هەڕەشە و فشاری سەربازییدا ئەنجام نادەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە