2 کاتژمێر پێش ئێستا
305 جار خوێنراوەتەوە
هەرێم پابەندییەكانی جێبەجێبكات، مووچەکانی ئەمساڵ هەمووى خەرجدەكرێت
پەیام
مووچەی مانگی 1ـی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە خەرج كرا و وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، هەرێم پابەندییەكانی خۆی لە كاتی خۆیدا جێبەجێ بكات، مووچەی مانگەكانی داهاتوو بەبێ كێشە لە كاتی خۆیدا خەرجدەكرێت.
چیا نووری، پەیامنێری پەیام لە بەغدا ڕایگەیاند: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوی خەرجكردنی مووچەی مانگی یەكی هەرێمی كوردستانی واژوو كردووە.
پەیامنێری پەیام لە بەغدا وتیشی: چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ لەگەڵ دەستپێكردنی دەوامدا، پارەكە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە پەیامی ڕاگەیاند، لەگەڵ گەیشتی پارەكەدا خشتەی مووچە بڵاو دەكرێتەوە و، هەر لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.
ناردنی مووچەی مانگی یەك لەكاتێكدایە هێشتا مووچەی مانگەكانی 11 و 12 ی ساڵی 2025 لە هەرێم دابەشنەكراوە و، نازانرێت حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیش داهاتی نانەوتی ئەو دوو مانگەی چی لێ كردووە.
دوێنێ یەكشەممە، ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ بەدواداچوونی كێشەی مووچە سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقی كرد. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، پێی ڕاگەیاندبوو ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندییەكانی خۆی لە كاتی خۆیدا جێبەجێ بكات، مووچەی مانگەكانی داهاتوو بەبێ كێشە لە كاتی خۆیدا بۆ مووچەخۆرانی هەرێم خەرج دەكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە