2 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
سێ هەفتەیە كۆبانێ گەمارۆ دراوە و هۆشداری لە دۆخی مرۆیی شارەكە دەدرێت
پەیام
زیاتر لە سێ هەفتەیە شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان گەمارۆ دراوە و، هۆشداری لە دۆخی مرۆیی شارەكە دەدرێت.
ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات "مەسەدە" هۆشداری لە تێكچوونی دۆخی مرۆیی لە شارەكە دەدات و دەڵێت: گەمارۆی خنكێنەر ژیانی نیو ملیۆن كەسی خستووەتە مەترسییەوە.
مەسەدە ڕایگەیاندووە: دانیشتووانە ڕەسەنەكەی كۆبانێ و ئاوارەكانی عەفرین و حەلەب، بەدەست بڕینی سیستماتیكی كارەبا و ئاو و ڕێگری لە گەیشتنی هاوكاریی پزیشكی و خۆراك و سووتەمەنییەوە دەناڵێنن. بازاڕەكانیش بەهۆی نەمانی كاڵا و شمەكەوە داخراون و تەنانەت شیر و دەرمان بۆ منداڵان دەست ناكەوێت، ئەمەش دۆخێكی مەترسیداری دروست كردووە.
هاوكات بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەكەسە لە كۆبانێ ڕایگەیاند: بەهۆی بڕانی ئاو و كارەبا خەڵك ناچارن ئاوی پیس بخۆنەوە و بەو هۆیەوە تا ئێستا 500 كەس نەخۆش كەوتوون.
بەردەوامیی گەمارۆی سەر كۆبانێ لە كاتێكدایە ئاگربەستی سەرتاسەری لەنێوان حكومەتی سووریا و هەسەدە ڕأگەیەنراوە و هێزە ئەمنییەكانی دیمەشق چوونەتە ناو شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆوە، بەڵام بەرپرسانی خۆجێیی كۆبانێ دەڵێن، بەشێك لە گرووپە چەكدارەكان پابەندی بڕیارەكانی حكومەتی دیمەشق نابن و ئامادە نیین گەمارۆكە هەڵبگرن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە