2 کاتژمێر پێش ئێستا
204 جار خوێنراوەتەوە
گەمارۆی توندى سەر کۆبانێ بەردەوامە
گەمارۆی توندى سەر کۆبانێ بەردەوامە و هەسەدەش هۆشدارى دەدات، ئەگەر دۆخی ئەو شارە چارەسەر نەکرێت، ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق هەڵدەوەشێننەوە.
فەرهاد شامی، وتەبێژى هێزەکانى سووریای دیموکرات "هەسەدە" ئاماژەى بەوە دا، سەرەڕای ڕێککەوتن بەڵام هێشتا چەند گرووپێکی سەر بە دیمەشق کار بۆ تێکدانى ڕێککەوتنەکە دەکەن و گەمارۆی سەر کۆبانێ بەردەوامە، ئەگەر گەمارۆی سەر شارى کۆبانێ هەڵنەگیرێت، ئەوا ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتى دیمەشق شکست دەهێنێت و هەڵدەوەشێتەوە.
فەرهاد شامى دەڵێت، ڕێککەوتننامەکانى ئێستا بەرهەمی قوربانییدانی گەلى کوردە، هێزە کوردییەکانیشی وەک پارێزەری رۆژئاڤا هێشتووەتەوە، بەبێ ئەو قوربانیدانە ئێستا ناوى کورد لە رۆژئاواى کوردستان نەدەما. جەختی لەوەش کردووەتەوە، هەسەدە پابەندیى خۆى بە خاڵەکانى ڕێککەوتنەوە دووپات دەکاتەوە بەڵام داواى هەنگاوی کردەیى دەکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان.
جێی باسە سەرەتاى ئەم مانگە ڕێککەوتن و ئاگربەستی گشتگیر لە سووریا و رۆژئاواى کوردستان لەنێوان حکومەتى نوێی دیمەشق و هەسەدە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە و هێزەئەمنییەکانى دیمەشق چوونە ناو شارەکانى حەسەکە وقامیشلۆ و ناوچە کوردییەکانى دیکەوە، بەڵام تا ئێستا گەمارۆ لەسەر شارى کۆبانێ هەڵنەگیراوە و دانیشتووانیشی بە دۆخێکی سەختی مرۆییدا گوزەر دەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە