2 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
لوبنان.. ئاماری قوربانییان گەیشتە 1189 كوژراو و سێ ڕۆژنامەنووسیش كوژران
پەیام
لە هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكەیان لە باشووری لوبنان، سێ ڕۆژنامەنووس كوژران و ئاماری قوربانییانی وڵاتەكەش گەیشتە هەزار و 189 شەهید.
بەپێی سەرچاوە میدیایی و سەربازییەكان، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلی تیمێكی ڕۆژنامەوانییان لە نزیك شاری جەزین لە باشووری لوبنان بۆردومان كرد، لە ئەنجامی ئەم هێرشە ڕاستەوخۆیەدا، هەریەكە لە عەلی شوعەیب، پەیامنێری كەناڵی "ئەلمەنار" و فاتیمە فەتوونی، پەیامنێری كەناڵی "ئەلمەیادین" لەگەڵ وێنەگرێكی هاوكاریان كە برای فاتیمە بووە، گیانیان لەدەست دا.
هەردوو كەناڵەكە هەواڵی گیانلەدەستدانی تیمەكانیان پشتڕاست كردەوە و كەناڵی مەیادین ڕووداوەكەی وەك "دەستدرێژییەكی ستەمكارانە" وەسف كرد.
ئەم هێرشە لە چوارچێوەی زنجیرە بۆردومانە چڕەكانی ئیسرائیل دێت كە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە ناوچە جیاجیاكانی باشووری لوبنانی گرتووەتەوە.
هاوكات، وەزارەتی تەندروستی لوبنان نوێترین ئاماری قوربانییانی بڵاوكردەوە و بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری ئۆپەراسیۆنەكانی فریاكەوتنی تەندروستی، لە دەستپێكی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە لە 2ی ئاداری ئەم مانگەوە تاوەكو ئەمڕۆ 28ی ئادار، ژمارەی كوژراوان بۆ هەزار و 189 كەس بەرزبووەتەوە، هەروەها سێ هەزار و 427 كەسی دیكەش بریندار بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە