3 کاتژمێر پێش ئێستا
231 جار خوێنراوەتەوە
نزیكەی 200 ڕووسی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر بەپەلە گواستراونەتەوە
پەیام
بەهۆی بۆردومانكردنی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر و مەترسی لێكەوتەكانی، نزیكەی 200 كارمەند بەپەلە لە ناوچەكە دوور خراونەتەوە و هۆشداری لە ئەگەری ڕوودانی كارەساتی ئەتۆمییش لە ناوچەكەدا دەدرێت.
ئەلێكسی لیخاچۆڤ، سەرۆكی كۆمپانیای حكومی "ڕووس ئاتۆم"ی ڕووسی بۆ وزەی ئەتۆمی، ڕایگەیاند: 198 كەس لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر گواستراونەتەوە ئەوەیش لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی گواستنەوە كە بەیانی ئەمڕۆ دەستی پێكرد.
ناوبراو ئاشكرای كرد "بۆردومانەكە ناوچەی پارێزراوی وێستگەكەی پێكاوە و هۆشداری دا لەوەی ئەگەری ڕوودانی كارەساتێكی ئەتۆمی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە".
لەلایەكی دیكەوە، دەستەی وزەی ئەتۆمیی ئێران هۆشدارییەكی توندی دایە وڵاتانی ناوچەكە لە دەرەنجامەكانی هێرشی ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانیان و داوای كۆبوونەوەیەكی بە پەلەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی كرد.
هاوكات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: تا ئێستا وێستگەی بوشەهر چوار جار لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە بۆردومان كراوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش پشتڕاستی كردەوە كە موشەكێك لە نزیك وێستگەی بوشەهر كەوتووەتە خوارەوە و زیانی بە باڵەخانەیەكی وێستگەكە گەیاندووە و بووەتە هۆی كوژرانی پاسەوانێكیش، بەڵام ئاماژەی بەوە كرد كە تا ئێستا هیچ زیادبوونێك لە ئاستی تیشكدانەوە لە ناوچەكەدا تۆمار نەكراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە