2 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: به ئاگربهستی كاتی ڕازی نابین و دهبێت جهنگ بوهستێت
پهیام
دوای چەندین هەفتە لە ململانێی سەربازیی کراوە، ئێران بە فەرمی وەڵامی دەستپێشخەرییەکی پاکستانى بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دایەوە و، ڕایگەیاند: ئاگربەستی کاتی پەسەند ناکەن و کۆتاییهێنانى یەکجاریی جەنگیان دەوێت. سەرۆکی ئەمریکاش لە هەڕەشەکانى بەردەوامە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاوى کردەوە، تاران وەڵامەکەی خۆی لەڕێگەی حکومەتی پاکستانەوە گەیاندووەتە دەست بەرپرسانی ئەمریکا. ئەو هەنگاوەشی بە دەستپێشخەرییەکی یەکلاکەرەوە ناو برد بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەم قەیرانە هەرێمییە ڕوون ببێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی ئاژانسە ئێرانییەکەدا هاتووە کە وەڵامەکەی تاران چەندین مەرجی سەرەکیی لەخۆ گرتووە، لەوانە کۆتاییهێنان بە سەرجەم ململانێکان لە ناوچەکەدا، لەگەڵ داڕشتنی پرۆتۆکۆلێکی نوێ لەبارەی تێپەڕبوونی سەلامەت لە گەرووی ستراتیژیی هورمز. هەروەها قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی بۆردومانەکانەوە وێران بوون، لەگەڵ هەڵگرتنی تەواوەتیی ئەو سزایانەی کە پێشتر بەسەر ئێراندا سەپێنراون.
بەپێی هەواڵەکە، ئێران بیرۆکەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کاتیی بەتەواوی ڕەت کردووەتەوە و ئەو کارەی بە بێسوود ناو بردووە و ڕاشیگەیاندووە: بۆ ئەوەی جەنگەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی و یەکجاری کۆتایی پێ بێت، دەبێت مەرجەکانیان وەک خۆیان قبووڵ بکرێن.
لاى خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، سێشەممە کۆتا وادەیە بۆ ئێران، ئەگەر تاران خۆڕادەستکردن و ڕازیبوون بە دەستپێشخەرییەکان ڕەت بکاتەوە ئەوا هێزەکانى ئەمریکا هەموو ئامانجەکان لەناو دەبەن و ئیدی ئێران وێستگەى وزە و پردی بۆ نامێنێتەوە.
ترەمپ ڕاشیگەیاند: جەنگ وابەستەیە بە یەک شتەوە، ئەویش ئەوەیە کە نابێ ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە