1 کاتژمێر پێش ئێستا
97 جار خوێنراوەتەوە
كارهبای سلێمانی: بهرههمهێنانی كارهبا له وزهی خۆر ڕوو له زیادبوونه
بەرهەمهێنانی کارەبای سۆلار لە سلێمانی گەیشتووەتە ٨٥ مێگاوات و ژمارەی بەشداربووانیش بۆ زیاتر لە ٣ هەزار و ١٦٠ هاوبەش بەرزبووەتەوە، کە زۆرینەیان لە کەرتی نیشتەجێبوونن.
بەپێی نوێترین ئامار کە لەلایەن بەشی وزە نوێبووەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، دیاردەی بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە سنووری پارێزگاکەدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. تاوەکو ڕێککەوتی ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، کۆی گشتی ئەو کارەبایەی لە ڕێگەی سیستمی سۆلارەوە بەرهەم دەهێنرێت، گەیشتووەتە ٨٥ مێگاوات.
لە ڕووی ژمارەی بەشداربووانەوە، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ٣ هەزار و ١٦٦ هاوبەش بە شێوەیەکی فەرمی سیستمی سۆلاریان داناوە و تۆمار کراون. ئەم ژمارەیە بەراورد بە مانگی ڕابردوو کە ٣ هەزار و ١١٠ هاوبەش بووە.
دابەشبوونی بەشداربووانیش بەسەر سێکتەرە جیاوازەکاندا بە جۆرێکە؛ کەرتى ماڵان بە ٢ هەزار و ٦١١ هاوبەش پشکی شێری بەرکەوتووە، لە دوای ئەویش کەرتی بازرگانی بە ٤٥٠ هاوبەش و کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و فەرمانگە میرییەکانیش بە ڕێژەی جیاواز سوودمەند بوون لەم تەکنەلۆژیایە.
ئەم هەنگاوەی هاووڵاتیان و خاوەنکارانی سلێمانی لە کاتێکدایە کە هۆشیاری ژینگەیی و هەوڵدان بۆ دابینکردنی سەرچاوەیەکی جێگیری کارەبا ڕووی لە زیادبوونە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە پڕۆسەی تۆمارکردن و جێگیرکردنی ئەم سیستمە لەلایەن هاوبەشانەوە بەردەوامی هەیە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ تۆڕی نیشتمانی و کەمکردنەوەی فشار لەسەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە