2 کاتژمێر پێش ئێستا
81 جار خوێنراوەتەوە
ئێران باجی ئەو كەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن بە دراوی خۆی وەردەگرێت
پەیام
پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەكی نوێ بۆ سەپاندنی باج بە ڕیاڵ بەسەر كەشتییەكانی گەرووی هورمز ئامادە دەكات، تاوەكو كۆنتڕۆڵی تەواوی ئەم ڕێڕەوە گرنگە و ئاسایشی بكات.
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسایەكی نوێ بۆ سەپاندنی باجی تێپەڕبوون لە گەرووی هورموز ئامادە كراوە و دەبێت بە دراوی فەرمیی ئێران (ڕیاڵ) بدرێت.
ئەم هەنگاوە ئاراستەیەكی نوێی تارانە بۆ بەهێزكردنی هەژموونی خۆی بەسەر ئەم ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەدا.
عەزیزی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕوونی كردەوە، ئامانجی پڕۆژەیاساكە ڕێكخستنی "تێپەڕبوونی ئارام"ـە لە گەرووەكەدا و جێبەجێكردنی ئەو یاسایە وادەكات تێپەڕبوون بەو ڕێگەیە بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی گشتگیری هێزە چەكدارەكانی ئێرانەوە.
هەروەها سەرۆكی لیژنەكە ئاماژەی بە ئەگەری واژۆكردنی ڕێككەوتننامەیەكی هاوكاری لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان كرد سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەریاوانی لە گەرووەكەدا. ئەم پێشنیازە لە كاتێكدایە كە ناوچەكە لە بارودۆخێكی هەستیاردایە و گەرووی هورموز وەك یەكێك لە گرنگترین ڕێڕەوەكانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا هەژمار دەكرێت، كە هەر گۆڕانكارییەك لە بەڕێوەبردنی، لێكەوتەی ئابووری و سیاسیی گەورەی دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە