2 کاتژمێر پێش ئێستا
164 جار خوێنراوەتەوە
سی ئێن ئێن: دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران چەند ڕۆژێك دەخایەنێت
پەیام
بڕیارە ئەمڕۆ دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە پاكستان لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوە بچێت و بە پێی زانیارییەكانیش پێشبینیی دەكرێت چەند ڕۆژێك بخایەنێت.
بەیانی ئەمڕۆ جەی دی ڤانس بە سەرۆكایەتی شاندی ئەمریكی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران گەیشتە ئیسلامئاباد و بەپێی زانیارییەكانیش هەر یەك لە جارید كوشنەر زاوای ترەمپ و ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاوەری ڤانس دەكەن لە شاندەكەدا.
درەنگانێكی شەوی ڕابردوویش شاندی ئێرانی بە سەرۆكایەتی محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران گەیشتە وڵاتەكە و بەپێی زانیارییەكانیش شاندەكە لە 71 كەس پێکهاتووە بە جۆرێك كە جگە لە تیمی دانوستان، تیمەكانی ئەمنی، سیاسی، سەربازی، ئابووری و یاسایی لەخۆ دەگرێت.
دیارترین ئەندامانی شاندەكەی ئێران كە یاوەری قالیباف دەكەن بریتین لە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوە، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان سكرتێری ئەنجومەنی بەرگری، عەبدولناسر هیمەتی سەرۆكی بانكی ناوەندی و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران.
بەپێی زانیارییەكان شاندەكەی ئێران لەگەڵ گەیشتنی بە ئیسلامئاباد لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاكستان كۆ بووەتەوە، بڕیاریشە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكە كۆ بێتەوە.
تۆڕی میدیایی "سی ئێن ئێن"یش لە زاری بەرپرسێكی پاكستانییەوە بڵاوی كردەوە، دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاگربەست چەند ڕۆژێك دەخایەنێت.
لای خۆیەوە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ئەو زانیارییە ڕەت دەكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە