3 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
بەیاننامەی (تۆڕی میدیایی کۆمەڵ) بە بۆنەی 128 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی
بەیاننامەی (تۆڕی میدیایی کۆمەڵ) بە بۆنەی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئەمڕۆ ١٢٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرکەوتنی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان" لەلایەن مقداد میدحەت بەدرخانەوە، لەو ساتەوە مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و خەبات بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی دەستی پێ کرد.
ئەمڕۆ کە ١٢٨ ساڵ بەسەر ئەو ڕووی داوە مێژووییەدا تێپەڕ دەبێت، ئێمە لە (تۆڕی میدیایی کۆمەڵ) بە ڕێز و شکۆوە یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزە دەکەینەوە، کە بەردی بناغەی هۆشیاریی نەتەوەیی و فەرهەنگیی کوردیی بوو، هەر بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆمان لە ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی تۆری میدیایی کۆمەڵ و سەرجە ڕۆژنامەنووسانی کورد دەکەین.
ڕۆژنامەگەری لە دیدگای ئێمەدا، تەنیا گواستنەوەی هەواڵ و ڕووی داوەکان نییە، بەڵکو ئەرکێکی پیرۆزی مرۆیی و ئەخلاقییە. ئێمە لە (تۆڕی میدیایی کۆمەڵ) کە بە دیدێکی ڕەسەنی ئیسلامی و فەرهەنگییەوە هەنگاو دەنێین، باوەڕمان وایە میدیای سەرکەوتوو ئەو میدیایەیە کە پابەندە بە بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی، ڕاستگۆیی، پاراستنی شکۆی تاک و کۆمەڵگە، بەرگری لە نیشتمان و بەها ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان.
هەر بۆیە لە یادی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، دووپاتی دەکەینەوە کە:
+ ئێمە لە ڕووی ئیتیکی پیشەییەوە بەردەوام دەبین لە پەیڕەوکردنی بەرزترین ستانداردەکانی ئیتیکی ڕۆژنامەگەری، بە دوورکەوتنەوە لە ناوزڕاندن، توندوتیژی و ناوزڕاندنی پێکهاتەکان، و کارکردن بۆ بنیاتنانی وتارێکی میدیایی بەرپرسیار کە خزمەت بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بکات.
+ ئێمە لە ڕوانگەی گەشەپێدانی ئازادیی ڕۆژنامەگەییەوە پێداگری دەکەین لەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان، کۆڵەکەی سەرەکیی میدیایەکی ئازاد و زیندوون. داواکارین لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ژینگەیەکی سەلامەت و لەبار بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکەن تا بتوانن بەبێ ترس و کۆتوبەندی ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
+ لە ڕووی یاساییەوە ئێمە پشتیوانی لەو یاسایانە دەکەین کە ڕێکخەری کاری میدیایین، بە مەرجێک ئەو یاسایانە پارێزەری مافی ڕۆژنامەنووسان و دەستەبەری ئازادییەکانیان بن، نەک سنووردارکەر و چەوسێنەر.
بۆ فەراهەمکردنی مافی دەستگەیشتن بە زانیاری پێمان وایە هۆشیارکردنەوەى ڕای گشتی مافێکی سەرەتایی تاک بەتاکی کۆمەلگەکەمانە، بۆیە جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگیی شەفافیەت و ئاسانکاری بۆ ڕۆژنامەنووسان لەبەردەم دامودەزگاکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەتدا بۆ دەستکەوتنی زانیاریی ڕاست و دروست.
لە کۆتاییدا، ئەمەک و وەفامان هەیە بۆ سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانەی بە گیانفیدایی و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە خزمەتی خەڵک و پرسی نەتەوەیی و ئایینی و فەرهەنگی کۆمەلگەکاماندان. بەڵێن دەدەین کە "تۆڕی میدیایی کۆمەڵ" بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێچکەی میدیایەکی هۆشیار، پارێزەر لە بەهاکان، و دەنگێکی ڕاستگۆ بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.
پیرۆز بێت ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی، سەرکەوتن بۆ پەیامی ڕاستگۆ و بەرپرسیار.
تۆڕی میدیایی کۆمەڵ
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە