1 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ فشار دەکات بۆ گۆڕینی سەرۆکوەزیران.
بڕیارە ئەمڕۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ژمارە ٢٧٢ی خۆیان لە نووسینگەی شێخ هومام حەمودی ئەنجام بدەن بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.
عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، کە دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە لە ماڵی عەممار حەکیم نەگەیشتنە ڕێککەوتن و کاندیدیان بۆ دیاری نەکرا، بڕیاردرا کۆبوونەوەکەی سبەینێ کاتی یەکلاکەرەوە بێت بۆ دیاریکردنی کەسی شایستە بۆ ئەو پۆستە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە ناوخۆییانە، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ فشارێکی توندی خستووەتە سەر بەغدا و بە فەرمی داوا دەکات سەرۆکوەزیرانێکی نوێ بۆ وڵاتەکە کاندید بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەمریکا بۆ ناچارکردنی لایەنە عێراقییەکان، هەموو جۆرە هاوکارییەکی ئەمنی، پشتگیری دارایی و پڕۆسەکانی مەشق و ڕاهێنانی بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕاگرتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە