2 کاتژمێر پێش ئێستا
189 جار خوێنراوەتەوە
هەرێم هەبوونی هەر جۆرە بنكەیەكی مەشقی هەواڵگریی بیانی ڕەت دەكاتەوە
پەیام
حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان هەموو تۆمەتەكانی ئێران سەبارەت بە بوونی بنكەی هەواڵگریی بیانی ڕەت دەكاتەوە و جەخت لە پاراستنی سەقامگیری و پەیوەندییەكی دۆستانەی دراوسێیەتی لە ناوچەكەدا دەكاتەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان، نیگەرانی قوڵی خۆی بەرامبەر ئەو تۆمەتانە دەربڕی كە لەلایەن دامەزراوە دادوەری و میدیا فەرمییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاو كراونەتەوە.
تاران بانگەشەی ئەوە دەكات، گوایە ژمارەیەك لەو كەسانەی لە ئێران سزا دراون، لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی ترەوە مەشقیان پێكراوە.
حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختی كردەوە، هیچ جۆرە بارەگا و ناوەندێكی مەشق و ڕاهێنانی هەواڵگریی بیانی لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە و ئەم تۆمەتانە بە "بێ بنەما و دوور لە ڕاستی" وەسف دەكات.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ناوچەكە لەم ساتەدا پێویستی بە دیالۆگ و دانبەخۆداگرتن هەیە، نەك بڵاوكردنەوەی تۆمەتی وا كە ببێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا، حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم داوای لە حكومەتی فیدراڵیی عێراق كرد كە بەرپرسیارێتی دەستووری خۆی لە پاراستنی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
هاوكات داوایش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و ڕێزگرتن لە سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان چڕ بكەنەوە، وەك فاكتەرێكی گرنگی پێكەوەژیان و ئارامی لە ناوچەكەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە