2 کاتژمێر پێش ئێستا
167 جار خوێنراوەتەوە
ئێران هێرشى کردوەتە سەر بنکەکانى ئەمریکا لە ئوردن، کوەیت و بەحرێن
سوپای کوێت و ئوردن تێکشاندنی چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانییان ڕاگەیاند کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردبووە ئامانج، هاوکات واشنتن ڕەتیدەکاتەوە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەر هێزەکانی کەوتبێت.
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند لە ڕێگەی هێرشێکی چڕی مووشەکی و درۆنییەوە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە هەریەکە لە کوێت، بەحرەین و ئوردن کردووەتە ئامانج.
تاران بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەو هێرشانەدا بنکەی ئاسمانیی "عەلی سالم" لە کوێت و بنکەی "ئەزرەق" لە ئوردنی پێکاوە و توانیویەتی چەندین هۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "F-٣٥" و ناوەندی فەرماندەیی تێکبشکێنێت، هاوکات ئاماژەی پێ کردووە کە بە گشتی ٢١ ئامانجی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا لەناوبردووە.
لە بەرانبەردا، سوپای کوێت و ئوردن جەختیان لە کاراکردنی سیستەمە بەرگرییەکانیان کردەوە و ڕایانگەیاند کە توانیویانە بەرپەرچی ئامانجە ئاسمانییەکان بدەنەوە؛ سوپای ئوردن بە فەرمی ڕایگەیاند ٥ مووشەکی ئێرانییان لە ئاسمانی شاری ئەزرەق خستووەتە خوارەوە.
بەرپرسانی ئەمریکیش بۆ میدیاکانی وڵاتەکەیان ئاشکرایان کرد کە نزیکەی سەرجەم مووشەک و درۆنەکان پێش گەیشتن بە ئامانج تێکشێنراون و هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ سەرکەوتنی ئێران لە پێکانی ئامانجە دیاریکراوەکان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران لانیکەم ٤ مووشەکی بالیستی و چەندین درۆنی بۆ سەر بنکەکان بەکارهێناوە، بەڵام هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی هێزە ئەمریکییەکاندا تۆمار نەکراوە. ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە سوپای پاسداران هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکدا، ئامادەی هێرشی توندترن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە