2 کاتژمێر پێش ئێستا
106 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: 12 ملیار دۆلار له پاره سڕكراوهكانمان ئازاد كران
سەرۆکی پەرلەمان محەمەد باقر قالیباف ڕایگەیاند ١٢ ملیار دۆلار لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد کراون و شێوازی سەرپەرشتیکردنی گەرووی هورمزیش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
سەرۆکی پەرلەمان محەمەد باقر قالیباف ئاشکرای کرد کە لە گفتوگۆکانی سویسرا لەسەر ئازادکردنی ١٢ ملیار دۆلار لە سەروەتە سڕکراوەکانی ئێران ڕێککەوتوون، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکانی سەر تاران هەژمار دەکرێت. ناوبراو جەختی کردەوە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ و ئێران بەپێی ڕێکخستنی نوێ و بە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتیی ڕێڕەوەکە دەکات. ئەم گۆڕانکارییانە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە نوێیەکانە بۆ ڕێکخستنەوەی ململانێکان و چەسپاندنی هەژموونی ئێران لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.
هەروەها سەرۆکی پەرلەمان محەمەد باقر قالیباف ڕایگەیاند لەگەڵ لایەنی ئەمریکا لەسەر دروستکردنی هێڵێکی پەیوەندیی خێرا بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ ڕێککەوتوون، تاوەکو بە شێوەیەکی دەستبەجێ هەر کێشە و ڕووداوێک کە ڕووبەڕووی کەشتییەکان دەبێتەوە لە ناو گەرووەکەدا چارەسەری بکەن. ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دێن کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو پارە ئازادکراوەکان تەنها بۆ کڕینی کاڵای کشتوکاڵی لە ئەمریکا بەکاردێن، لە کاتێکدا لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان واشنتن و تاران، ئاسایشی دەریایی و ئابووریی جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە