2 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
عێراق و سووریا تاوتوێی بونیاتنانی بۆرییهكی دیكهی نهوتیان كرد
پهیام
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە سەردانێکیدا بۆ دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە؛ ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکانیش پرۆژەی دروستکردنی بۆرییەکی نەوتیی عێراقی بوو بەناو خاکی سووریادا.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند سەردانەکەی زنجیرەیەک دیداری دووقۆڵیی لەگەڵ سەرۆکی سووریا و وەزیرانی دەرەوە و وزەی ئەو وڵاتە لەخۆگرتووە. تەوەری سەرەکیی دیدارەکانیش بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەماهەنگیی ئابووری، و چەند دۆسیەیەکی ئەمنی و کشتوکاڵی بووە کە جێگەی بایەخی هەردوو وڵاتن.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونی کردەوە کە لایەنەکان بە وردی باسیان لە پرۆژەی ڕاکێشانی هێڵێکی نەوت بۆ پاڵاوگەی بانیاس لە سووریا کردووە. بڕیارە ئەم پرۆژە پێشنیازکراوە لەژێر سەرپەرشتیی کۆمپانیا بیانییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەزایانی عێراق و سووریا جێبەجێ بکرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی وزە و فراوانکردنی هاریکارییە هەرێمییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە کە ئەحمەد شەرع لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق گفتوگۆی لەبارەی پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و ئاڵەنگارییە هاوبەشەکان کردووە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمە یەکەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی عێراقە بۆ دیمەشق لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە