2 کاتژمێر پێش ئێستا 150 جار خوێنراوەتەوە

شێخ ڕەزا و چیرۆکى پشت شیعرەکەى عەشرەتى جاف

سەڵاح سالار

هەموومان ئەو شیعرە بەناوبانگەی (شێخ ڕەزای تاڵەبانی ١٨٣١ – ١٩١٠)مان بیستووە کە دەڵێت: (خزمینە مەدەن پەنجە لەگەڵ عەشرەتی جافا)، بەڵام زۆرینەمان نازانین چیرۆکی پشت شیعرەکە چییە؟ مەبەستی لە خزمان کێیە؟ ساڵی چەند ئەم شیعرەی نووسیوە؟

بۆ وەڵامی ئەم سێ پرسیارە سەرێک لە کتێبىەکەی کاک محەمەد حەمە باقی (ئەدەب و مێژوو) دەدەین، نووسەر بە وردی ئەو زانیارییانەی گواستووەتەوە.

شێخ ڕەزا دەڵێت:

خزمینە مەدەن پەنجە لەگەڵ عەشرەتی جافا
مێروولە نەچێ چاکە بە گژ قوللـەیی قافا
کێ بێ لە دلێرانی عەشایر، کە نەچووبێ
وەک تیری ئەجەل نووکی ڕمی جافی بە نافا
چونکو ڕەسەنن، ورد و درشتیان هەموو جەنگین
مەی سارییە نەشئەی، چ لە دووردا، چ لە سافا
وا بێ خەم و پەروا دەچنە عەرسەیی هەیجا
تو ناچییە سەر دۆشەکی بووکێ لە زەفافا
خوێنڕێژ و شەڕەنگێز و عەدوومەند و زەفەرمەند
کامیان گەنە، وەک شێرە لە مەیدانی مەسافا
عوسمان بەگیان ئامرە، وەقتێ کە دەڵێ: دەی!
دێنە جەوەلان، هەروەکوو حاجی لە تەوافا
يأتون الى الحرب صغاراً و کباراً
يسعون الى الامر ثقالاً و خفافا
خواهم ز خدا هرکە شود دشمن جاهت
کۆتی لە دەسا، دەس لە ملا، مل لە تەنافا
ڕەحمێ بکە با (شێخ ڕەزا) بێتەوە گوفتار
حەیفە بڕزێ تیغی مجەوهەر لە غیلافا

دەقی ئەم شیعرەم لە کتێبی (ئەدەب و مێژوو) وەرگرتووە و ئەم دەقەش لەگەڵ شیعرەکەی دیوانی شێخ ڕەزا هەندێ جیاوازی هەیە و بەیتەکانیشی کەمترن.

کاکە حەمەی حەمەباقی خۆیش ئاماژەی پێدەکات بە هەڵکەوت لە ڕێگەی سەقز ئەم بەسەرهاتەی بیستووە و دواتر بەدواداچوونی بۆ کردووە و زانیارییەکانی تەواو کردووە.

چیرۆکەکەی دوورودرێژە و من کورتی دەکەمەوە چونکە خوێنەر حەزی بە درێژدادڕیی نییە، هەرکەسیش حەزی بە تەفاسیل کرد دەتوانێت لەو کتێبەدا سەرجەمی بخوێنێتەوە.

هەموومان ئەوە دەزانین کاتی خێڵەوژوور کە ئێلی گەورەی جاف کۆچیان دەکرد لە گەرمیانەوە بۆ کوێستان، مەڕوماڵاتی جاف هێندە زۆر بوو دەیدا بەسەر هەر ناوچەیەکدا وەک سون و کوللـە سەوزیبڕی دەکرد، پیرەمێردی شاعیریش لە شیعرێکدا تیشک دەخاتە سەر ئەوە و دەڵێت:

جاف بۆ زییانی، هەمەوەند بۆ شەڕ
شێخ و تەفرەقە، زەنگەنە بۆ گەڕ

بەهۆی ئەو کۆچی کوێستانەی جاف لە گەرمیانەوە بۆ کوێستان ساڵی ١٨٦٥ لە نێوان سەقز و بۆکان، لە شوێنێک کە پێی دەڵێن (پیر یونس) تیرەی فەیزوڵابەگیی بۆکانی و ئێلی جاف تووشی شەڕێکی سەخت دێن و شەڕەکەش چەند ڕۆژێک دەخایەنێنت و هەردوولاش پەنا بۆ هاوکاریی دۆستانیان دەبەن، لەئاکامدا فەیزوڵابەگییەکان سەردەکەون و جاف دەشکێن، ئیتر شێخ ڕەزای تاڵەبانی بەوبۆنەیەوە شیعرە بەناوبانگەکەی دەنووسێت، کە لایەنگریی بۆ جاف تێدا دەردەکەوێت و هاوکات فەیزوڵابەگییەکانیشی خۆش دەوێت، بۆیە وشەی (خزمان)یان بۆ بەکاردێنێت.

یەکێک لە کوڕەکانی فەیزوڵابەگی بەناوی حاجی سەلیم، کە شاعیر بووە و نازناویشی شیعریی (سەرتیپ)ـە و هاوکات سەرۆکێکی ئەو تیرەیەش بووە. ناوبراو بە شیعر و لەسەر هەمان کێش و سەروا وەڵامی شێخ ڕەزای تاڵەبانیی دەداتەوە و دەڵێت:

نەمبیستووە چەند ساڵە، لەمەوبەر، لە مەسافا
هەر جافە، دەچوو نووکی ڕمی موکریی بە نافا
حازر نەبوو ئەو دەم، کە بە ڕم حاجی سەلیم خان
دەیکرد جەوەلان هەروەکو تۆفێ لە تەوفا
تیپی عەدوو، وەک پۆلی قوڵنگ، ئەو وەکو شەمقار
تێکی دەشکاند، یەک یەک و دەیخست لە مەسافا
(شێخ) بێخەبەرە، لەم قسە مەشهوورە، لە ئافاق
حەربەی ڕەمی ئەو بوو، کە بەجێما لە غیلافا
هەروا کوڕە جاف بوو، لەبەر زەربی دلێران
ناڵینی دەهات، هەر وەکو بووکێ لە زەفافا
یرمون من الباس تلالا و جبالا
یکنون من من الروع شعاعا و کفافا
زۆرکەس لە جەونانانی ئەوان بوو، بە ئەسیر هات
دەست بەستەو و تەن خەستە و گەردن لە تەنافا
چاک وایە، نەکات مەدحی ئەوان، نەک بڵێ مونسیف
ئەم مەدحە، کە (شێخ) فەرموویەتی، لاف و گەزافا
بۆ مەدحی ئەوان، کافییە (شێخ) بێت و نەزەر کات
مەعلوومە کە مەعنای لە لوغەتدا چییە: (جفافا)

حاجی سەلیم خان زۆر لایەنگرانە وەڵامی شێخ ڕەزا دەداتەوە، هەرچەندە هەر ئەوەش چاوەڕێ دەکرێت چونکە ناوبراو سەرۆکی خێڵ و لەبەرەی ئەوبەری شەڕە، بەڵام هەوڵی داوە وەڵامەکەی بەیت بەیت بێت چونکە وەک شێخ ڕەزا ئەویش بەیتێکی عەرەبیی نووسیوە، تەنانەت لە بەیتێکدا شێخ ڕەزا بەلاغەتێکی جوان بەکار دەهێنیت و دەڵێت (کۆتی لە دەسا، دەس لە ملا، مل لە تەنافا)، حاجی سەلیم خانیش (سەرتیپ) بەلاغەتێکی جوان بەکاردەهێنێت و دەڵێت (دەست بەستەو و تەن خەستە و گەردەن لە تەنافا).
دەقی شیعرەکەی شێخ ڕەزا نۆ بەیتە، وەڵامەکەی حاجی سەلیمیش نۆ بەیتە، بەیت بە بەیت وەڵامی داوەتەوە، هەرچەندە دەقی شیعرەکەی شێخ ڕەزا لە دیوانی شێخ ڕەزادا زیاترە، بەڵام مامۆستا محەمەد حەمەباقی ئەوەندەی هێناوە و ئەوەش بە ڕاست و دروست دەزانێت.

لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوت ئەم شیعرە کەی نووسراوە و مەبەست لە خزمان کێیە و چیرۆکی پشت شیعرەکەشمان زانی.

- سەرچاوە: ئەدەب و مێژوو. محەمەد حەمە باقی.ل: ٢٢.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 2 کاتژمێر پێش ئێستا

    شێخ ڕەزا و چیرۆکى پشت شیعرەکەى عەشرەتى جاف

  • 27/12/2025

    "شەهید كۆساری بایەخی زۆری بە زمانی كوردی داوە و بەدوای وشە ڕەسەنەكاندا گەڕاوە"

  • 25/11/2025

    سەلیم بەرەکات... ئەو کوردەی عەرەبی سەرسام کردووە بەعەرەبییەکەی

  • 01/10/2025

    ڕەنگدانەوەی عەبا و پەچە لە ئەدەبی کوردییدا

  • 24/08/2025

    سامی یوسف له‌ ئیسته‌نبوڵ ئاهه‌نگێكی هونه‌ری ساز كرد و به‌شێك له‌ قازانجه‌كه‌ی بۆ فه‌ڵه‌ستین ته‌رخان كرد

  • 24/12/2024

    پەیوەندی نێوان ئیسلام و ئەدەب چییە

  • 21/11/2023

    رووانینی تەڵعەت تاهیر بۆ ئەدەبیات چییە؟

  • 18/05/2023

    غەزەل لە شیعری ئەمڕۆی هەورامیدا

سەرەتا