2 رۆژ پێش ئێستا 83 جار خوێنراوەتەوە

سەلیم بەرەکات... ئەو کوردەی عەرەبی سەرسام کردووە بەعەرەبییەکەی

د. ئیسماعیل به‌رزنجی

شاعیر و ڕۆماننوسی کوردی ڕۆژئاوا سەلیم بەرەکات (1951 ـ ) دیاردەیەکی کولتووری ناوازەیە لە ئەدەبی عەرەبیدا، چونکە ڕەخنەگران کۆکن لەسەر ئەوەی شێواز و زمانی نووسینی لە پلەی باڵا دایە و کەم نووسەری عەرەب شان دەدەن لە شانی لە کاتێکدا کوردێکی خەڵکی قامیشلییە و تا شەش ساڵی تەمەنی عەرەبی نەزانیووە.
ئەو کە ناوەڕۆکی بەرهەمە ئەدەبییەکانی کولتووری کوردییە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، تەنها زمانی عەرەبی وەکو ڕێگای دەربڕین بەکارهێناوە، واتە بە عەرەبی کولتووری کوردی نووسیوەتەوە، ئەوە پرسیارگەلێکی گرنگ دەخوڵقێنێت:
بۆچی سەلیم بە عەرەبی نووسیویەتی؟ ئایا زمانی کوردی باش نەزانیووە؟ یان پێیوابووە لە ئاستی پێویستدا نییە بۆ دەربڕین؟ یان عەرەبی بە زمانێکی باڵاتر زانیووە؟
بە بارێکی دیکەدا:
ئایا ویستوویەتی زمانی زاڵ و سەردەستە بکاتە میمبەرێک بۆ گەیاندنی دەنگی کورد؟ یان هەستی ژێردەستەیی پاڵی پێوەناوە تەحەددای عەرەب بکات بە زمانەکەی خۆیان؟ و دەسەڵاتی خۆی بەسەر زمانی عەرەبیدا بسەلمێنێت؟
ئەگەر زمان بەشێک بێت لە شوناسی مرۆڤ، سەلیم بەرەکات چ شوناسێک هەڵدەگرێت؟ تەنیا ئەوەی بە زمانێکی عەرەبی باڵا نووسیویەتی دەبێتە عەرەب؟ ئەی ئەو دەنگانەی لە ڕۆمانەکانی ئەودا مێژووی کورد دەنووسنەوە و کە مێژووی نەتەوەیەکی ژێر دەستە بە زمانی نەتەوەیەکی باڵادەست دەنگی کێن؟ ئەو پەراوێزخراوی هێناوەتە چەقەوە لە ڕێگای ئەو زمانەی خۆی بە چەقی کولتووری زاڵ دەزانێت.
بەڕای بەندە سەلیم بە پڕاکتیکی هەندێک لە تیۆرییەکانی فەلسەفەی زمان ڕەت دەداتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی کە پێیان وایە زمان کولتوور درووست دەکات، ئەگەر زمانت نەبێ بۆ دەربڕین ئەوا کولتوورت دەمرێت، چونکە زمان کۆگا و شوێنی هەڵگرتنی کولتوورە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکەی دەگوازێتەوە، زمان ئەرشیفی کولتوورە.
بەڵام ئەو کولتووری کوردی لەناو زمانی داگیرکارەکەیدا پاراستووە، نەک بۆ نەوەکانی کوردی دوای خۆی بەڵکو بۆ نەوە لە دوای نەوەی عەرەبیش ئەو کولتوورەی پاراستووە، مێژوویەک کە زمانی زاڵ دەیەوێ بۆ خۆی بنووسێتەوە، ئەو بە هەمان زمان مێژوویەکی دیکە دەنووسێتەوە، لای ئەو کولتووری کوردی غەزوی زمان عەرەبی دەکات و سەرلەنوێ دایدەڕێژێتەوە، ئەمە لە ڕەخنەی پۆست ـ کۆڵۆنیالیزمدا پێی دەگوترێ فەزای سێیەم، ئەو فەزایەی تیایدا دوو کولتوور بەریەک دەکەون.



لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    سەلیم بەرەکات... ئەو کوردەی عەرەبی سەرسام کردووە بەعەرەبییەکەی

  • 01/10/2025

    ڕەنگدانەوەی عەبا و پەچە لە ئەدەبی کوردییدا

  • 24/08/2025

    سامی یوسف له‌ ئیسته‌نبوڵ ئاهه‌نگێكی هونه‌ری ساز كرد و به‌شێك له‌ قازانجه‌كه‌ی بۆ فه‌ڵه‌ستین ته‌رخان كرد

  • 24/12/2024

    پەیوەندی نێوان ئیسلام و ئەدەب چییە

  • 21/11/2023

    رووانینی تەڵعەت تاهیر بۆ ئەدەبیات چییە؟

  • 18/05/2023

    غەزەل لە شیعری ئەمڕۆی هەورامیدا

  • 27/12/2022

    خدر کۆساری کێ بوو؟

  • 22/12/2022

    ئایا هۆنراوەی (شەوی يەڵدا) شیعری (نالی)یە، یان (کوردی)

سەرەتا