54 خولەک پێش ئێستا
36 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ عێراق یەدەگی دراوەکەی کەم کردووە و لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی ٢٨ـدایە
پەیام
سەرەڕای ئەوەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی یەدەگی دارایی عێراق بە ٨٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت، بەڵام ئامارەکان دابەزینی ئەم ڕێژەیە بۆ ٧٦ ملیار دۆلار پیشان دەدەن، ئەمەش نرخی دینار دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە.
لە ڕیزبەندییەکی نوێی ماڵپەڕی "ڤیژواڵ کاپیتاڵیست" ی کەنەدیدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە و پشت بە داتاکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەبەستێت، عێراق لەنێوان ٣٠ گەورەترین وڵاتی خاوەن یەدەگی دراوی بیانی، لە پلەی ٢٨یەمین وڵاتی جیهاندایە. عێراق بە بڕی ٨٥ ملیار دۆلار، لە دوای فەرەنسا (٨٦ ملیار دۆلار) و پێش ڕۆمانیا (٧٨,٢ ملیار دۆلار) و تورکیا (٧٦,٦ ملیار دۆلار) هاتووە.
لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، عێراق لە پلەی سێیەمدا دێت لە دوای سعودیە کە خاوەنی ٤٥٨,٦ ملیار دۆلارە (شەشەمی جیهان) و ئیمارات کە خاوەنی ٢٥١,٤ ملیار دۆلارە (دوانزەی جیهان).
بەڵام شیکردنەوەی دۆخە ئابوورییەکە وێنەیەکی ئاڵۆزتر پیشان دەدات. بەهۆی قەبارەی پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی و فشاری خەرجییە گشتییەکانەوە، پێشبینی دەکرێت قەبارەی ڕاستەقینەی یەدەگی دارایی بۆ نزیکەی ٧٦ ملیار دۆلار یان کەمتر دابەزیبێت، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی نرخی دراوی ناوخۆیی دەبێت.
لەم بارەیەوە، زیاد هاشمی، شارەزای ئابووری، ئەمڕۆ چوارشەممە (٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) بە ڕۆژنامەی "العالم الجدید" ی ڕاگەیاند، ئەو ئامارەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێداوە پەیوەندی بە قۆناغێکی پێشووەوە هەیە و لە ئێستادا یەدەگی دارایی عێراق بۆ نزیکەی ٧٦ ملیار دۆلار یان کەمتر دابەزیوە.
ئەو شارەزایە ڕوونیشی کردەوە، بانکی ناوەندیی عێراق سوودی لە زۆریی داهاتەکانی ساڵانی ٢٠٢١، ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ وەرگرتووە بۆ زیادکردنی یەدەگی دراوی بیانی. ئاماژەی بەوەش کرد کە یەدەگەکە تەنها لە دۆلاری کاش پێک نەهاتووە، بەڵکو قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا و کانزاکانیش، بەتایبەت زێڕ، دەگرێتەوە کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەڕێوە دەبرێن.
عێراق بۆ کۆکردنەوەی داهات بە ڕێژەی ٩٠% پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، لەکاتێکدا بەهۆی گرژییە سیاسی و سەربازییەکانی گەرووی هورمزەوە، نەوتی عێراق بە زەحمەت هەناردە دەکرێت و ئەوەش کورتهێنانی گەورەی لە بودجەی گشتی عێراقدا دروست کردووە، لە نوێترین پێشهاتیشدا بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە بانکی ناوەندی و حکومەت دەستیان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە