2 کاتژمێر پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
بانکی ناوەندی: نرخی هەر دۆلارێک بە ١٥٠٠ دینار جێگیر کراوە
پەیام
بانکی ناوەندیی عێراق، راگەیەنراوێکی لەسەر نرخی دۆلار بڵاو کردەوە و رایگەیاندووە، بە مەبەستی سەقامگیریی ئابووری، نرخی نوێی فرۆشتنی دۆلاری بەرانبەر بە ١٥٢٠ دینار بۆ هاووڵاتییان دیاری کرد، کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بانکی ناوەندی رایگەیاند، لەسەر بنەمای هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و پاڵپشت بە حوکمەکانی یاسای بانکی ناوەندیی ژمارە ٥٦ ی ساڵی ٢٠٠٤ی هەموارکراو، بڕیاردراوە بە گۆڕانکاریکردن لە نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرانبەر بە دۆلار. بەپێی میکانیزمە نوێیەکە، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە ١٥٠٠ دینار، نرخی فرۆشتنی بە بانکەکان بە ١٥١٠ دینار و نرخی فرۆشتنی نەختینەییش بە هاووڵاتییان بە ١٥٢٠ دینار جێگیر کراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، بانکی ناوەندی هاووڵاتییان و سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان دڵنیا دەکاتەوە لە بەهێزی و گونجاویی قەبارەی یەدەگی دراوی بیانیی وڵات. ئەمەش توانای دابینکردنی تەواو و دەستبەجێی سەرجەم داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی بۆ بوارەکانی بازرگانی، یەکلاییکردنەوەی مامەڵەی کارتە بانکییەکان و فرۆشتنی نەختینەیی بە گەشتیاران بێ هیچ کۆتوبەندێک دەستەبەر دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی، ئەم هەنگاوە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی بەرهەم و پیشەسازیی ناوخۆیی و ڕەخساندنی دەرفەتی کێبڕکێی دادپەروەرانەیە بۆ کاڵای عێراقی بەرانبەر بە کاڵای هاوردەکراو. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارەکە هاندەر دەبێت بۆ فراوانکردنی کارگەکان و کۆمپانیا نیشتمانییەکان، ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە نانەوتییەکان و کردنەوەی دەرگا بەڕووی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکاندا بۆ دروستکردنی هەلی کاری نوێ، کە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و خستنەسەرکاری گەنجان.
لە کۆتاییدا، بانکی ناوەندیی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری سەرجەم ئەو ڕێکارانەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نیشتمان و هاووڵاتییان دەکەن و سەلامەتی و سەقامگیریی سیستەمی دارایی وڵات دەپارێزن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە