2 کاتژمێر پێش ئێستا
58 جار خوێنراوەتەوە
فەرهاد شامی: ڕووداوەكانی حەسەکە سەردەمی داعشمان بیردەهێننەوە
پەیام
بەڕێوەبەرێكی پێشووی (هەسەدە) دەڵێت: "ئەو رووداو و دیمەنانەی لە شاری حەسەکە تۆمارکراون، بیرەوەرییە ناخۆشەکانی سەردەمی دەسەڵاتی داعشیان بیرهێناوینەتەوە و نیگەرانییەکی قووڵیشیان سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی توندڕەویی دروستکردووە".
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕاشیگەیاندووە، ئەو خۆپیشاندانەی لە حەسەکە لەژێر سایەی هێزە ئەمنییە ناوەندییەکانی حکومەتدا بەڕێوەچوو، مایەی نیگەرانییەکی جددییە بۆ گەڕانەوەی توندڕەوی بۆ ناوچەکە.
رەخنەی لە کەمبوونەوەی بایەخی نێودەوڵەتی و گۆڕانی لەپێشینەی هاوپەیمانان گرتووە و رونیکردووەتەوە: "لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئەو قوربانییانەی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لەلایەن هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە شەڕی دژ بە داعش دراون، بەهۆی کەمبوونەوەی گرنگیدانی نێودەوڵەتییەوە لەبەردەم مەترسیی بەفیڕۆچووندان".
شامی، جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەو هەڕەشە پەرەسەندووانەی رووبەڕووی کورد، مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە دەبنەوە، پێویستیان بە هەڵوێستێکی بەپەلە و هەنگاوی یەکلاکەرەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە، پێش ئەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی جارێکی دیکە باجی پشتگوێخستن بدەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا فەرهاد شامی باسی لەوەشکردووە، پێویستە چاودێری و بەدواداچوونی جددیی نێودەوڵەتی بۆ دۆخی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بکرێت و نابێت رێگە بدرێت ئاسایشی پێکهاتەکان بخرێتە بەردەم رەحمی توندڕۆیی پەرەسەندوو و بەرژەوەندییە پێچەوانەبووەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
دوێنێ 9ی 10ی 2026، لە ئەنجامی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە شاری حەسەكەی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) ڕوویاندا، ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد بریندار بوون. ئەمەش دوای ئەوە هات كە بەشێك لە خۆپیشاندەرانی عەرەب هەوڵیاندا بەرە و ناوچە و گەڕەكە كوردییەكانی شارەكە پێشڕەوی بكەن.
ئەو عەرەبانە داوایان دەكرد حکومەتی سووریا دەسەڵاتەکانی خۆی بەسەر تەواوی شارەکەدا بسەپێنێت، ئەوەش گرژی و ئاڵۆزی لێكەوتەوە و لە ئەنجامدا سێ کورد بریندار بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە