2 کاتژمێر پێش ئێستا
144 جار خوێنراوەتەوە
كاندیدانی وەزیری بەرگری ڕاگەیەنران و هەوڵی پڕكردنەوەی پۆستەكانی دیكەش دەدرێت
پەیام
هەوڵی پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان دەدرێت و هاوپەیمانیی حەسمیش كاندیدەكانی بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی عێراق ئاشكرا كرد.
هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانیی عێراق بە فەرمی ناوی سێ كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری لە كابینەكەی عەلی زەیدی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی كە لایەنێكی سوننەكانە و پۆستی وەزارەتی بەرگری لە حكوومەتەكەی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەشێكە لە پشكەكەی، ناوی كاندیدەكانی بۆ پڕكردنەوەی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری دیاری كرد كە بریتین لە "تەلال جارۆ جبووری"، بەڕێوەبەری كاروباری تاك لە وەزارەتی بەرگری، "نایف مكیف شەمەری"، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، و "عەلی محەمەد سالم ئەعرەجی"، ئەمینداری نهێنیی وەزارەتی بەرگری.
ئەم كاندیدكردنە لەلایەن هاوپەیمانێتییەكەوەیە كە سابیت عەباسی، وەزیری پێشووی بەرگری لە كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆكایەتیی دەكات، بە مەبەستی تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان لە پێكهاتەی نوێی دەسەڵاتدا.
ئەم پێشهاتە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بۆ تێپەڕاندنی كاندیدانی 9 وەزارەتە بەتاڵەكەی حكوومەت هاوشانی دیاریكردنی چوار جێگری سەرۆكوەزیران لە دانیشتنێكی پەرلەماندا بە یەك پاكێج.
دوای ئەوەی لە 14ی ئایاری ڕابردوودا ئەنجوومەنی نوێنەران متمانەی بەخشییە كارنامەی حكوومەت و 14 وەزیر لە كابینەكەی عەلی زەیدی، بەڵام ناكۆكییە سیاسییەكان دەنگدانیان لەسەر 9 وەزارەت دوا خست.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە