1 کاتژمێر پێش ئێستا
57 جار خوێنراوەتەوە
بۆ یەكلاكردنەوەی پشكی بودجە، شاندی هەرێم سبەی دەگاتەوە بەغدا
پەیام
پاش دەنگدانی تەواوكاری بۆ كابینەی حكومەتی عێراق، پرسی ڕەشنووسی بودجە دێتەوە سەر مێزی دانوستانەكان و بڕیارە سبەی یەكشەممە شاندێكی باڵای هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە سەردانی بەغداد بكات.
بڕیارە شاندێكی باڵای حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان سبەی یەكشەممە بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی پشكی چواردە لەسەدی بودجە بگەڕێتەوە بەغداد و دانوستانەكان لەوبارەیەوە دەستپێبكەنەوە.
بە وتەی كارۆخ عەبدوڵا نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێم، شاندەكە پرسی جێگیركردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق تاووتوێ دەكەن و هەرێم دەیەوێت دوای جێگیركردنی پشكی 14.14%ی بودجەی عێراق، سەرجەم ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە گرێبەستانەش بكاتە هەمیشەیی كە ئێستا لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەیان پێ دەدرێت و پێداگریی تەواو دەكات لەسەر ئەوەی هیچ مووچەخۆرێك لەسەر میلاكی داهاتی ناوخۆ نەمێنێتەوە و هەموویان بگوێزرێنەوە سەر بودجەی گشتیی عێراق.
ئەوەشی راگەیاندووە كە بڕیارە سبەی شەو وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم خشتەی نوێی دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست ڕابگەیەنێت.
دوای ئاراستەكردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری، لەئێستادا ڕەشنووسی بودجە گەڕێنراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە مەبەستی پێداچوونەوە و جێبەجێكردنی ڕەخنە و تێبینیی لایەنە پەیوەندیدارەكان.
حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیش لە كۆبوونەوەی هەفتەی پێشوودا جەختی كردبووەوە كە پێویستە حكومەتی فیدراڵ بەپێی دوایین سەرژمێری لە 2024 پشكی 14.14% بۆ هەرێمی كوردستان لە بودجەدا جێگیر بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە