1 کاتژمێر پێش ئێستا
116 جار خوێنراوەتەوە
سەرجەم پاڵێوراوەكان بۆ پۆستی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڤیتۆ كران
پەیام
سەرجەم پاڵێوراوەكان بۆ پۆستی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڤیتۆ كران و باس لە جێگرتنەوەی پاڵێوراوی نوێ دەكرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرجەم پاڵێوراوەكان بۆ پۆستی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی ڤیتۆ بوونەوە، نەیانتوانیوە كۆدەنگیی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنەكە مسۆگەر بكەن.
لە كۆتایی دەنگدانی بەراییدا، هیچ كام لە حەوت پاڵێوراوەكە ڕەزامەندی پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشیان بەدەست نەهێنا كە دەسەڵاتی ڤیتۆیان هەیە، بەمەش دەرگا بە ڕووی ئەگەری پاڵێوراوكردنی نوێدا كرایەوە.
لەنێو ئەو ناوانەی وەك پاڵێوراوی نوێ بڵاو دەكرێنەوە (نیكۆلای ملادینۆڤ)، نوێنەری باڵای ئەنجوومەنی ئاشتی لە كەرتی غەززە؛ (لانە نوسەیبە)، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ كاروباری دەرەوە و (فەرەیدون هادی سینیرلی ئۆغڵو)، ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی ئاسایش و هاوكاری ئەورووپایە.
تا ئێستا چوار ژن و سێ پیاو پاڵێوراون بۆ ئەو پۆستە بۆ جێگرتنەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس كە دووەم خولی پێنج ساڵەی لە 31ی كانوونی یەكەمی 2026 كۆتایی دێت.
سەرەڕای ئەوەی لە دوو گەڕدا ڤیتۆی وەرگرت، بەڵام (ڕیبیكا گرینسپان) لە قۆناغی شەشەمدا پێشەنگی خۆی پاراست، وەك چۆن لە پێنج قۆناغی پێشوودا هەیبوو.
بۆ ئەوەی پاڵێوراوێك بە دەنگدان سەر بكەوێت، دەبێت پشتگیری نۆ لە كۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش دەستەبەر بكات، لە هەمان كاتدا ڕووبەڕووی ڤیتۆی هیچكام لە (ئەمریكا، ڕووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا)ش نەبێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە