1 کاتژمێر پێش ئێستا
109 جار خوێنراوەتەوە
ئیكوادۆر.. خاچێك بەسەر قەشەیەكدا كەوت و گیانی لەدەست دا
پەیام
لە كەنیسەیەكی شاری گوایاكیلی ئیكوادۆر، لە كاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێكی ئایینی مەسیحی لە پەخشی ڕاستەوخۆدا، خاچێكی گەورە بەسەر پاتریسیۆ مۆلیناری، قەشەی كەنیسەكەدا كەوت و بووە هۆی گیانلەدەستدانی.
گرتە ڤیدیۆییەكان دەری دەخەن كە لە كاتی پێشكەشكردنی مەراسیمەكەدا لە پەخشی ڕاستەوخۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، خاچێكی گەورە لەناكاو لە بەرزاییەوە دەكەوێت سەر سەری پاتریسیۆ مۆلیناری، قەشەی كەنیسەكە و دەستبەجێ دەكەوێت سەر زەوی، ئەمەش شۆكێكی گەورەی لە نێو ئامادەبووان و بینەرانی پەخشەكەدا دروست كرد.
سەرەڕای ئەوەی بەپەلە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام پزیشكان نەیانتوانی ژیانی ڕزگار بكەن و دوای چوار كاتژمێر بەهۆی قورسیی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.
ئەپستۆریای گوایاكیل لە ڕاگەیەنراوێكدا بە فەرمی هەواڵی گیانلەدەستدانی قەشەكەی پشتڕاست كردەوە، لە كاتێكدا هێشتا هۆكاری سەرەكیی كەوتنەخوارەوەی خاچەكە ئاشكرا نەكراوە كە ئایا بەهۆی داخورانی بیناكە بووە، یان كێشە لە شێوازی جێگیركردنیدا هەبووە.
بەپێی گۆڤاری نیوزویكی ئەمریكی، لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی پشكنینی ئەندازەیی باڵەخانەكەن تا لە ڕێوشوێنەكانی سەلامەتی لەنێو كەنیسەكەدا دڵنیا ببنەوە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوە دڵتەزێنانە بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە