60 خولەک پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە پێنج مانگی ڕابردوودا تۆمار کرد
بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە کەنداو، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزترین ئاستی لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا تۆمار کرد و بەرمیلێک نەوتی برێنت لە ١١١ دۆلار تێپەڕی.
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١,٣٦٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ١١١ دۆلار و چوار سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای ٢٠ی ئایاری ڕابردووەوە تۆمار کرابێت، هاوکات نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکیش بە ڕێژەی ٣,٣٧٪ بۆ ١٠٧ دۆلار و ١٥ سەنت هەڵکشا. ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە واشنتن ڕایگەیاندووە گەرووی هورمز لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانیدایە، بەڵام بەردەوامیی دڵەڕاوکێی ئەمنی و مەترسییەکانی سەر هەناردەکردن لە کەنداو، وایکردووە نرخی وزە بەردەوام لە هەڵکشاندابێت.
ئەم گرانییە دوای ئەوە دێت کە لە ٩ی تشرینی یەکەمدا دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕێککەوتن لەسەر دابینکردنی سەرەتایی ٣٠٠ هەزار تۆن گازوایل لەلایەن مۆسکۆوە بۆ ئەمریکا و بازاڕەکانی جیهان لەبەرانبەر هەڵپەساردنی کاتیی سزاکان، هاوکات ترهمپ لە ١٦ی مانگدا بەشێک لە باجەکانی سەر کەرتی وزەی ڕووسیای هەڵپەسارد. ئەم ڕەوشە ئابوورییە گوشارێکی گەورەی لەسەر سەرۆکی ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی کۆنگرێس دروست کردووە، بەوپێیەی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی سووتەمەنی ناڕەزایەتیی لە شەقامی ئەمریکادا لێکەوتووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە