1 کاتژمێر پێش ئێستا
139 جار خوێنراوەتەوە
سعودیە، کوەیت و عێراق هێڵێکی کۆنی گواستنەوەی نەوت نۆژەن دەکەنەوە
پەیام
سعوودیە پێشنیازێکی نهێنی پێشکەشی عێراق کردووە بۆ دووبارە کارپێکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی «ئیبسا»، بەم ئاراستەیەش دەیەوێت نەوتی عێراق بەدەر لە گەرووی هورمز و بە هاوکاریی کووەیت هەناردە بکات.
سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە ڕیاز پێشنیازی بۆ بەغدا کردووە تاوەکو بەشداری لە بوژاندنەوەی هێڵی بۆریی کۆنی ناسراو بە «ئیبسا» بکات، وەک جێگرەوەیەکی ستراتیژی بۆ هەناردەکردنی نەوت دوور لە گەرووی هورمز.
بەپێی زانیارییەکان درێژیی ئەم هێڵە بۆرییە دەگاتە ١٥٦٨ کیلۆمەتر و لە کێڵگەکانی زوبێرەوە دەست پێ دەکات و دەگاتە بەندەری مەعجەزی سعوودی لە سەر دەریای سوور، لە کاتێکدا توانای هەناردەکردنی ڕۆژانەی بە نزیکەی ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار بەرمیل مەزەندە دەکرێت.
هەروەها سەرچاوە عێراقییەکان باسیان لەوەش کردووە کە چالاککردنەوەی ئەم هێڵە بە بەشداریی وڵاتانی تری ناوچەکە وەک کووەیت دەبێت، بە مەبەستی بەستنەوەی بۆرییەکانی نەوت بە ڕێڕەوی وشکانییەوە کە دەگەنە دەریای عەرەب.
لەبەرانبەردا، شارەزایانی بواری وزە پێیان وایە کە قبووڵکردنی ئەم هەنگاوە لەلایەن عێراقەوە، پشت بە هەڵسەنگاندنی تێچووی نۆژەنکردنەوەی تەکنیکی و ئەندازیاریی ئەو بۆریانە دەبەستێت کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە پەکیان کەوتووە، ئەمە سەرەڕای پێویستیی یەکلاکردنەوەی دۆسێ سیاسی و یاساییەکانی نێوان عێراق و سعودییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە