58 خولەک پێش ئێستا
117 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: سێ کەشتی نەوتهەڵگر بەر مینی دەریایی کەوتوون
پەیام
سوپای پاسدارانی ئێران ئاگاداری بڵاوکردەوە سێ کەشتی بەهۆی سەرپێچی و کوژانەوەی شوێنهەڵگرەکانیان بە مینەکانی نزیک گەرووی هورمز کەوتوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سوپای پاسدارانی ئێران، شەوی ڕابردوو لە ڕۆژئاوای گەرووی هورمز، سێ کەشتیی پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکان بەر مینێکی دەریایی کەوتوون و بەو هۆیەوە ئاگریان گرتووە. هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە چوار کەشتیی دیکەش کە سەرقاڵی گواستنەوەی نەوت بوون لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە لە بەشی باکووری کەنداو، دوای دەستنیشانکردنیان پێکراون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران هۆشداری توندی ئاڕاستەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر سوپای ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر ڕەفتارەکانی لە گەرووی هورمز، سنووری ڕووبەڕووبوونەوەکان فراوانتر دەبێت و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەش لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە.
لە کۆتاییدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سووربوونی واشنتۆن لەسەر هاندانی کەشتییەکان بۆ پەڕینەوە لەو ڕێڕەوە مینڕێژکراوەی گەرووی هورمز، دەبێتە هۆی زیاتربوونی رووداوەکان و تێکچوونی زیاتری ئاسایشی دەریاوانی لە دەووروبەری ناوچەکەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە