بارام سوبحی 04/08/2025 160 جار خوێنراوەتەوە

کابینەى نۆ: کابینەى لەکارخستنى حکومەت

لە ماوەى شەش ساڵى رابردووى تەمەنى کابینەى نۆدا، بەبەرنامە کار لەسەر دوو خاڵ کراوە:
یەکەم: لاوازکردن و بێبەهاکردنى داوودەزگاکانى حکومەت.
دووەم: بەهێزکردنى کۆمپانیاکان و سپاردنى هەموو کاروبارەکان بە کۆمپانیاکان.
ئەم کابینەیە کار لەسەر ئەوە دەکات تا دوا چۆڕ دینار لە گیرفانى هاوڵاتى و موچەخۆردا نەهێڵێت، لە بەرانبەردا کۆمپانیاکان "ئاشكرايە کۆمپانیاکانیش هەر هى خۆیانە" دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر بکات.
ئەگینا:
* حکومەتێک خۆى وەزارەتێکى بەناوى شارەوانى هەبێت و سەدان کرێکار و ئامێرى هەبێت، چ پێویست دەکات پاککردنەوەى شارەکان بداتە کۆمپانیاکان.
* حکومەتێک خۆى بەرێوەبەرایەتى و فەرمانگەى ئاوى هەبێت، چ پێویست دەکات دانانى پێوەرى ئاو و کۆکردنەوەى پارەى ئاو رادەستى کۆمپانیایەک بکات.
* حکومەتێک وەزارەتى ناوخۆى هەبێت چ پێویست دەکات دانانى کامێراى چاودێرى شەقامەکان بداتە کۆمپانیا؟ ئەگەر دۆزینەوەى کار نەبێت، چۆن دەبێت وەزیرى ناوخۆ داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ بەڕێوەبردنى کەمپی ئاوارەکان گرێبەست لەگەڵ رێکخراوێکى "خێرخوازى" نزيك لە دەسەڵات بکەن؟
* حکومەت وەزارەتى داد و فەرمانگەى دادنووسی هەبێت، بۆچى پڕکردنەوەى بەڵێننامە دەبەخشێتە کۆمپانیایەک و فەرمانگەکەى خۆى بێکار دەکات؟
* حکومەت وەزارەتى تەندروستى هەیە، کەچى پێدانەوەى بەڵگەنامەى لەدایکبوون و مردن دەداتە کۆمپانیایەک؟
* حکومەتێک وەزارەتى کارەبا و سامانە سروشتییەکانى هەبێت، بۆچى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى وزەى کارەبا و کۆکردنەوەى پارەى کارەبا دەداتە کۆمپانیایەک؟
* حکومەت بانکى خۆى هەیە، کەچى بۆ خۆدزینەوە لە تەوتین، هەژمارى من دروستدەکات و چەندین بانکى "ئەهلی!" دەهێنێتە ناو پرۆسەکەوە؟
ئێستا روو لە هەر فەرمانگەیەک دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت ئەم حکومەتە کۆمپانیایەکى قوتکردۆتەوە و ناهێڵێت فەرمانگەکەى خۆى کارەکان بکات.
لە ئەنجامدا:
فەرمانگەکان بێکار بوون، حکومەت ئەوەى گوێ پێنەدات دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانە، بێئاگا لەوەى کە سەرمایەدار و خاوەن پارە بەدواى بەرژەوەندى تایبەتی خۆیدا دەچێت نەوەکو بەرژەوەندى گشتیی، هەر ئەمەش وایکردوە ئەم کابینەیە متمانەى خۆى لەدەستبدات و چ کارێک بکات و چ بڕیارێک دەربکات، هاوڵاتیان دڵنیابن لەوەى کە لە بەرژەوەندییان نییە، بەڵکو دۆزینەوەى کارە بۆ کۆمپانیایەکى دروستکراوى خۆیان. هەرچەندە میدیاکانى خۆیان دەیان راپۆرت و بەرنامەى لەسەر بکەن و بەجۆرێک نمایشى بکەن کە لە بەرژەوەندى هاوڵاتیانە!!!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا