بارام سوبحی 23/07/2023 119 جار خوێنراوەتەوە

زاواکەى سەدام کێیە؟

رۆژى هەینى (21/تەمموز/2023) لە شارى هەولێر غالب مەحمود ئەلخەتاب، کە مێردى زڕخوشکێکى سەدامە مرد. ناوبراو چوار براى هەیە بەناوەکانى: عەبدوڵا، ئەحمەد، حەمید، فەیسەڵ.

عەبدوڵاى براى گەورەیان لە هەموویان بەدەسەڵاتتر بووە، لە سەردەمى بەعسدا کارى بەڵێندەرایەتى کردووە و دەسەڵاتێکى زۆرى هەبووە، ئەم خێزانە دەستیان بەسەر بەشێکى گەورەى زەوى و موڵک و ماڵى تکریتدا گرتووە.

غالب کە لە ناو بنەماڵەکەیدا زیاتر بەناوى کوڕە گەورەکەى (ئەبو شوجاع) ناودەبرا، خوێندەوارى نەبووە و تەنها توانیویەتى ئیمزاى خۆى بکات، بەردەوام جلى نەریتى عەرەبى (عەگاڵ و دسداشە)ى لەبەرکردووە، هاوژینەکەى (دایکى شوجاع) لە ساڵى (1978) مردووە، پرسەیەکى گەورەى بۆ کردووە و وەزیر و سەرکردەکانى بەعس ئامادەبوون.

بەهۆى لە یەکچونى لەگەڵ خەیروڵا توڵفاحى خاڵى سەدام، فەرمانبەران و بەرپرسانى کۆشکى سەدام پێیانگوتوە (خەیروڵا توڵفاحى دووەم).
غالب هەتا کودەتاى دووەمى بەعسیەکان لە ساڵى (1968)، تەنها جوتیارێکى سادە بوو، لە کۆتایى حەفتاکان و سەرەتاى هەشتاکاندا پۆستى سەرۆکایەتى کۆمەڵەى جوتیارانى پارێزگاى سەڵاحەدینى وەرگرتوە، پاشان لە خولى یەکەمى ئەنجومەنى نیشتیمانى عێراقدا بووەتە نوێنەرى پارێزگاى سەڵاحەدین، موچەى مانگانەى یەک ملیۆن دینار بووە.

غالب بەدەر لە کارى فەرمى، لە بەرامبەر بەرتیلدا کارى دەڵاڵى لەنێوان بازرگان و بەرپرساندا کردووە، بۆ هەر کارێکى زۆر سادە بڕى دە ملیۆن دینار بەرتیلى وەرگرتووە، هەروەها کارێکى دیکەى نێوەندگیرى بووە بۆ ئازادکردنی زیندانیانى سیاسى لە بەرانبەر پارەدا.
شوجاعى کوڕە گەورەى تا روخانى رژێمى بەعس، لەناو دەستەى پاسەوانانى تایبەتى سەدامدا، پلەى موقەدەمى هەبووە. بە گەنجى یەکێک بووە لە شەلاتییەکانى تکریت، لە رۆژانى یەکەمى شەڕى عێراق ئێراندا وازى لە خوێندنى قۆناغى ناوەندى هێناوە، بەردەوام تۆیۆتا پیکابێکى پێبووە و بە خێرایەکى شێتانە بە شەقامەکانى تکریتدا لێى خوڕیوە.

هەندێکجاریش باوکى بە تەنیشتیەوە دانیشتوە، بەهۆى نزیکیان لە بەکر و سەدامەوە پۆلیس نەیتوانیوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.

نموونەیەک لە بەدڕەفتارییەکانى شوجاع:
لە ساڵى (1977)، ئافرەتێکى کورد لەگەڵ کچەکەى سەردانى یەکێک لە فەرمانگەکانى تکریت دەکەن، کچەکەى جوان بووە، پاشان دەچنە بازاڕى تکریت و شوجاع دەیانبینێت، بە بەر چاوى خەڵکى و هاوار و حەسرەتى دایکىەوە، کچەکە دەڕفێنێت و بە زۆر دەیکاتە ناو سەیارەکەیەوە و بۆى دەردەچێت.
پاشان خەڵکى لەدەورى دایکى کۆدەبنەوە و پێىدەڵێن بچێتە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیس و شکاتى خۆى بکات، بەڵام کەس ناوێڕیت ناوى کوڕەى پێ بڵێت، دایکەکەش دەچێتە بارەگاى پۆلیس، ئەو شەوە بە گریان و ناڵەوە لە بارەگاى پۆلیس بەڕێدەکات.
سەرلەبەیانى رۆژى دواتر، شوجاع پاش ئەوەى کچەکە هەتک دەکات دەیباتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیس و دەڵێت: ئەم کچەم دۆزیوەتەوە و رێگاى ونکردوە، دایکەکەش بەڕویدا هاواردەکات و دەیناسێتەوە و دەزانێت ئەمە تاوانبارەکەیە کە کچەکەى رفاندوە، بەڵام بەڕێوەبەرى پۆلیس و ئەفسەرەکان ناتوانن شوجاع رابگرن یان لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکەن، هەموان دەیناسن و لێىدەترسن و دەمانچەکەى لە کەمەریدا دەبینن، دواى رادەستکردنەوەى کچەکە، سینگى دەردەپەڕێنێت و لە بیناى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیس دەردەچێت.

سەرچاوە:

طالب الحسن: حکومە القریە – فصول من سلطە النازحین من ریف تکریت -، چاپى شەشەم، 2014، لە بڵاوکراوەکانى: دار الحکمە بغداد، دار أور للطباعە و النشر بیروت لبنان.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا