د. لوقمان قەنبەری 20/11/2025 65 جار خوێنراوەتەوە

پەیوەندی نێوان زمانی کوردی و شوناسی نەتەوەیی

زمانی کوردی بەهێزترین فاکتەری شوناسی نەتەوەییە لە نێو کورددا. بە واتایەکی تر دەکرێ بڵێین زمانی کوردی ڕۆڵێکی بەهێزی هەیە لە خەباتی کورد بۆ ئەوەی وەک نەتەوەیەک بناسرێت. زمانی کوردی هێمای ناسنامەی نەتەوەیی کوردە، هەربۆیە هەوڵی بەرچاو بۆ پاراستن و پەرەپێدانی دەدرێت. لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە حکومەتە کۆلۆنیالیستەکان لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا درکیان بە گرنگی و ڕۆڵی زمان لە ناسنامەی نەتەوەیی کورددا کردووە، هەر بۆیە هەوڵیانداوە نکۆڵی لە زمانی کوردی بکەن و چالاکوانان لەو بوارەدا سەرکوت بکەن.

وەک دەزانین زمانی کوردی زمانێکی تەواو سەربەخۆیە و پرۆسەی گەشەکردن و گەشەسەندنی مێژوویی تایبەتی خۆی هەیە. زمانی کوردی بەشێکە لە بنەماڵەی زمانی هیندۆئەورووپی کە بەدرێژایی چەندین سەدە گەشەی کردووە و پەرەی سەندووە و لەگەڵ تێپەڕبوونی مێژوودا، بە هەموو قۆناغە سەخت و نایەکسانەکاندا تێپەڕیوە و توانیویەتی سەرەڕای چەندین ناخۆشی ڕەسەنایەتی خۆی بپارێزێت.

بەڵام سەبارەت بە پەیوەندی نێوان زمان و شوناسی نەتەوەیی پێویستە ئەوە بگوترێ کە لە بنەڕەتدا زمان و ناسنامەی کورد پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە و زمانی کوردیش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێکهاتن و پاراستنی شوناسی کوردیدا. زمانی کوردی تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی مێژوو و کولتوور و نەریتی گەلی کورد دەکات. لە ڕاستیدا زمانی کوردی بەشێکی دانەبڕاوی شوناسی کوردە. لە ڕێگەی زمانەوەیە کە کولتوور و میراتی کوردی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێتەوە؛ بە واتایەکی تر زمانی کوردی و شوناسی کوردی دوو توخمێکی دانەبڕاون. زمانی کوردی زمانی دایک و ئامرازی سەرەکی پەیوەندیی کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی گەلی کوردە و لە پێکهاتن و پاراستنی ناسنامەی کوردیدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. لە ڕاستیدا زمانی کوردی هێمای ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووریی کوردە و هەر هەوڵێک بۆ سەرکوتکردن یان نکۆڵیکردن لە زمانی کوردی بە واتای نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردایەتی خۆی دێت.

لەم ڕووەوە ئەگەر شوناس بە ڕۆحی کۆمەڵگای کوردی بزانین، ئەوا دەکرێ بڵێین زمان بەرپرسە لە پاراستنی ئەم ڕۆحە. زمان وەک فاکتەری یەکگرتوویی مێژوو و ئێستا و داهاتووی کورد کاردەکات.

پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە کوردستان وەک نەتەوەیەکی جیۆکلتوری لە بنەڕەتدا بە زمانی کوردی بیری لێ کراوەتەوە و پێناسە کراوە. ئەمەش لە نووسینی شاعیرانی وەک حاجی قادر کۆیە لە کۆتاییەکانی ١٨٠٠، عەبدوڵڵا سلێمان (ناسراو بە گۆران) لە ساڵانی ١٩٥٠ و محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی (مامۆستا هێمن موکریانی) و هەروەها لە بەرهەمی هەندێک لە زانایانی هاوچەرخی کوردناسیدا دیارە. لە زۆربەی ئەو بەرهەمانەدا پێشنیار کراوە کە زمانی کوردی دیارترین هێمای شوناسی کوردە، چ لە ڕووی کولتوورییەوە و چ لە ڕووی سیاسییەوە. بۆ نمونە بە بڕوای حاجی قادر کۆیە، گەلان لە ڕێگەی زمانی خۆیانەوە دەچنە ناو مێژووەوە و ئەگەر ڕێگەمان پێنەدرێت بە زمانی دایکی خۆمان فێری خوێندنەوە و نووسین بکەین، بە کردەوە بێ مێژوو و بێ شوناس دەبین.

لە هەر حاڵەتێکدا، ئەمڕۆ و لە سەردەمی جیهانگیریدا، بڵاوبوونەوەی خێرای زمانی کوردی، شوناسی بەکۆمەڵی کوردی بەهێزتر کردووە. بە واتایەکی تر زمانی کوردی بەشێوەیەکی بێ وێنە گەشەی کردووە و لە ئاکامدا بۆتە فاکتەری یەکگرتوو بۆ هەموو کورد. هەروەها پێویستە بگوترێ کە ئەمڕۆ لە سەردەمی جیهانگیریدا، ناسیۆنالیزم بە تایبەت لە پۆلی زماندا، بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری بەهێزی لە نێو کورددا دروست کردووە.

تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە کورد چەسپاندنی سیاسیی بەدەستهێناوە، پۆلێنی زمان زیندوو بووەتەوە و گرنگییەکی زیاتری بەدەستهێناوە، بۆ نموونە حکومەتی فیدراڵی دوای سەدام حوسێن. لەم وڵاتە دەستووری نوێی عێراق دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کورد، بەو پێیەی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا دەناسێت. بەم پێیە زمانی کوردی بووەتە زمانی فێرکاری لە هەموو ئاستەکانی قوتابخانە و کۆلێژ و زانکۆ و نەوەیەکی نوێی کورد گەورە بووە کە عەرەبی کەم یان هیچ نازانن.

هەروەها لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، زمانی کوردی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ. لە ڕۆژاڤا زمانی کوردی لە هەموو دەزگا و ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەری ناوچەکەدا لە گەشەکردن و پەرەسەندندایە.

له هەروەها گرنگی زمانی کوردی وەک بناغەیەک بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی بەجۆرێک بووە کە ئینستیتیوتی کوردی پاریس کە لە ساڵی 1983 لەلایەن ڕۆشنبیرانی کوردی دانیشتووی وڵاتانی جۆربەجۆری ئەوروپاوە دامەزرا، هەوڵی پەرەپێدان و بەهێزکردنی زمانێکی ستانداردی کوردی داوە.

دواتریش لە برۆکسل (1989)، بەرلین (1994)، مۆسکۆ (1996) و واشنتۆن دی سی (1996) پەیمانگای کوردی و کتێبخانەیەکی بەناوبانگی کوردی لە ستۆکهۆڵم (1997) دامەزران. هەموویان ئامانجیان هاوکاریکردن بوو بۆ بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی زمان و کولتووری کوردی. شایانی باسە لەو ماوەیەدا گۆڤار و کتێبی زمانی کوردی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا و بەتایبەتی سوید چاپ دەکران. لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، ساڵانە ژمارەی ئەو کتێبانەی بە زمانی کوردی چاپ دەکرێن، زیادی کردووە.

لە کۆتاییدا و بە ئیلهام وەرگرتن لە لودڤیگ ڤیتگنشتاین (١٨٨٩-١٩٥١) دەتوانین بڵێین مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەی زمانەوە بیر دەکاتەوە و سنووری زمانەکەی سنووری جیهانەکەیەتی. بۆیە وەک یەکێک لە شارستانییەتە کۆنەکانی جیهان، شتێکی جەوهەری و چارەنووسسازە بۆ کورد کە زمانی خۆی بناسێت بۆ ئەوەی هەم میراتی خۆی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە بگوازێتەوە

ڕووەوە ئەگەر قسەکەی فێردیناند سۆسور قبوڵ بکەین کە دەڵێت "دروستکردنی مانا بەندە بە زمانەوە"، ئەوا دەتوانین بڵێین کە گرنگی زمان بۆ کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زمانی کوردی، وەک سیستەمێکی دەروونی، جیهانی ناوەوە و دەرەوەی کوردی لە ڕێگەی هێما و ڕێساکانەوە بۆیان مانادار دەکات. بۆیە بۆ هەمووان ڕوونە کە زمانی کوردی ڕۆڵێکی بەهێزی هەیە لە پێدانی مانا بە بوونیان وەک نەتەوەیەک.

بۆیە وەک ئاماژەمان پێدا زمان نەک هەر یەکێک لە گرنگترین نیشاندەرەکانی شوناسی دەستەجەمعی نییە، بەڵکو یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی بنیاتنانەوە و بەرهەمهێنانەوەی شوناسی بەکۆمەڵ و نەتەوەیی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا